وەزیری نەوت بانگهێشت دەکرێت

سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئێران، سعودیە و ئوردن و چۆنیەتی دابینكردنی سووتەمەنیی لەحاڵەتی توندتر بوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیری نەوتی بانگهێشت کرد.


ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سامر عەزبان، وەزیری نەوت لەگەڵ لیژنەکە کۆبووەوە.

لیژنەکە، سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئێران، سعودیە و ئوردن و چۆنیەتی دابینكردنی سووتەمەنیی لەحاڵەتی توندتربوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، پرسیاریان ئاڕستەی وەزیری نەوت کرد و داوای ڕوونکردنەوەیان لێکرد.

د. غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەبارەت بە وەڵامەکانی سامر عەزبان بە ڕۆژنیوزی وت:  لەبارەی گرێبەستە نەوتیەكان وەزیری نەوت ڕوونكردنەوەی دا، بەڵام ئێمە داوامانلێكرد، كە بەنووسراوی فەرمیی وەڵاممان بداتەوە نەک بەزارەكی.

لەبارەی مەترسییەكانی ئەو سوتەمەنییەی لە ئێرانیشەوە هاوردە دەكرێت،  غالب محەمەد، وتی: وەزیری نەوت پێی ڕاگەیاندین، كە هەموو عەمبارەكانیان پڕكردووە و ٥٠٪یش گازوایلیان كڕیوە بۆ كاتی پێویست.

عێراق بە بڕی ١٤ هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت لەو ژمارەیەش ٤ بۆ ٥ هەزاری لەرێگەی ئەو سوتەمەنیەوە دابین دەكرێت  کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات.

لە وەرزی هاویندا عێراق  پێویستی بە زیاتر لە ١٨ هەزار مێگاوات كارەبا دەبێت.

ش.ف