٣٠ هەزار تۆن جۆ لە جوتیارانی شەنگال وەردەگیرێت

کۆمپانیای مابەین ئەلنەهرەینی سەر بە حکومەتی عێراق کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە شەنگال ناوەندێکی تایبەت بە کڕینی جۆی کردەوە، ئاشکرایکرد کە بۆ ئەمساڵ ٣٠ هەزار تۆن جۆ لە جوتیارانی سنوری شارۆچکەی شەنگال دەکڕێت.


ئەمساڵ لە سنوری شەنگال لە ٦٠٪ی زەوی لەلایەن جوتیارانەوە کرابووە بەروبوومی کشتوکاڵی و بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینیش بەرهەمی ئەمساڵ باشبوو، بەڵام بەهۆی سوتانەوە لە ٤٠٪ی زەوییەکان سوتان و ئەو جوتیارانەی بەرهەمەکانیشییان مابوو بەرهەمەکانییان دوریوەتەوە و لە چاوەڕوانی فرۆشتنی بەرهەمەکانیاندان.

کۆمپانیای مابەین ئەلنەهرەین، کە بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیارانی سنوری پارێزگای موسڵ دەکڕێت ئاشکرایکرد کە بەرهەمی جۆی جووتیارانی سنوری شەنگالیش دەکڕێت.

کۆمپانیاکە لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩ی ئەمساڵدا لقی تایبەت بە جۆی لە شەنگال کردەوە و لە ئیستادا دەستی بە کڕینی جۆ کردووە.

عەبدولقادر محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ ٣٠ هەزار تۆن جۆ لە جوتیارانی شەنگال وەردەگرن و لە ئێستادا دەستییان بە پرۆسەکە کردووە و هەر تۆنێک جۆ بە ٤٢٠ هەزار دینار دەکڕن.

 عەبدولقادر محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تا ئێستا ٢٠٠ هەزار تۆن گەنم و جۆیان لە جوتیارانی سنوری پارێزگای موسڵ وەرگرتووە.

ک.س