٥٥٪ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە کار

دوای هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی لە باشوری کوردستان، کەرتی پیشەسازیی و بەرهەمێنان لە هەرێمی کوردستان بووژاوەتەوە و لە ٥٥%ی کارگە ناوخۆییەکان کەوتوونەتەوە کار، لە دوو مانگی ڕابردووشدا ٤٢ کارگە دەستیان بەکار کردووەتەوە.


دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ٩ی مانگی ١٠ی ئەمساڵ دەستیپێکرد، هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکی لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئەو هەڵمەتەش لەپاڵ زیانەکانی بۆ کەرتی بازرگانیی دەوڵەتی تورک، هاوکات زەمینەیەکی باشی ڕەخساندووە بۆ بوژانەوەی کەرتی پیشەسازیی و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان.

کارگەی زەیتی زەیتوونی کەلار، یەکێکە لەو کارگانەی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا و دوای دەستپێکردنی بایکۆتی کاڵای تورکی لە سنووری گەرمیان کەوتووەتەوە کار، بەوتەی بەڕێوەبەرانی ئەو کارگەیە ڕۆژانە ٤٠ تۆن زەیت بەرهەمدەهێنێت و خاوەنی کارگەکەش دەڵێت، لەتوانایاندایە بۆماوەی ٢٠ ساڵ پێداویستی ناوخۆیی ناوچەکە پڕبکەنەوە.

نیعمەت عەباس، خاوەنی کارگەی زەیتی زەیتوونی کەلار بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەگەر جووتیارانی ناوچەکە بتوانن ڕێژەیەکی زیاتر زەیتوون بەرهەمبهێنن، کارگەکەمان دەتوانێت پێداویستی ناوخۆیی ناوچەکە پڕبکاتەوە، هەم خەڵکیش سوودی لێوەردەگرێت و هەمیش داهاتێکی باش بۆ جووتیارانیش دابیندەکات.

بەپێ ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە دوو مانگی ڕابردوودا ٤٢ کارگە لە بوارەکانی خۆراک، جلوبەرگ، بیناسازیی و پاککەرەوە لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە کار.

ژمارەی ئەو کارگانەی دەستیان بەکار کردووەتەوە، بەمشێوەیە بەسەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستاندا دابەشبوون:

هەولێر: ١٧ کارگە

سلێمانی: ٢٠ کارگە

دهۆک: ٥ کارگە

بەپێ ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی، تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ دوو هەزار و ٩٢٧ کارگەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، لە سەردەمی قەیرانی داراییدا ٨٣%ی کارگە ناوخۆییەکان لەکارکەوتن، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ ٥٥%.

بەختیار ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەگەر بایکۆتی کاڵای تورکی بەردەوامبێت و گومرگ لەسەر بەرهەمی دەرەکی زیادبکرێت و پشتیوانی بازرگانان بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی کارگە داخراوەکان کەمببێتەوە بۆ ٢٠% و کەمتریش.

هەرچەندە زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی دەرەکی و سنووردارکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە دەرەکییەکان داواکارییەکی سەرەکی خاوەن کارگە و وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکانە، بەڵام بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەهەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانییەتی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دایە بەتایبەت تورکیا.

ب.ش