"٨٧%ی خێزانەکانى هەرێم داهاتیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە"

بە پێی توێژینەوەیەکى وەزارەتى پلان دانان، لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی بێكاریی 10.2%- ە و  لە 87%ی خێزانەكانیش داهاتی مانگانەیان كەمترە لە یەك ملیۆن دینارە لەوانەش ٣٦%یان کەمترە لە ٥٠٠ هەزار دینار.


ئەمڕۆلە هۆلی سەعد عەبدوڵا، لە شاری هەولێر،  دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان وسندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوان، لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەڵەتی كۆچ، كۆنفڕانسێكیان بۆ ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی ڕووپێویی دیمۆگرافی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.

لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتى:"لە ساڵی 2017 لەناو 12 هەزار و 699 خێزانى هەرێمى کوردستان لە شارەکانى دهۆک و سلێمانى هەولێر ڕووپێوییەکمان ئەنجامدا، لە ئەنجامى ڕووپێوییەکەدا ئەم ئامارانەمان بۆ دەرکەوت، کە ڕێژەى دانیشتووانى هەرێم پێنج ملیۆن و 755 هەزار و 43 كەسە و تێکڕاى ژمارەى ئەندامانى خێزان 5.1 کەسە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد:"بە پێی ڕووپێوییەکە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی بێكاریی 10.2% - و لە 87%ی خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمترە لە یەك ملیۆن دینار، هەروەها %30ى گەنجان، کە تەمەنیان لە نێوان 18-30 ساڵدایە بێکارن و نزیکەى 70% هێزى کارى هەرێم لە کەرتى گشتیدا کار دەکەن".

عەلى سندى، لە کۆتایى وتەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، کە لە كۆتایی ئەمساڵ دوو ڕووپێوویی دیکە لە بوارەكانی تەندروستیی و خوێندن بڵاودەكرێنەوەو كۆییی تێچووی كارەكانیش لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دابین کراوە.

ش.ف