پارەى پترۆدۆلار نەیتوانیوە چەمچەماڵ ئاوەدان بکاتەوە

قائیمقامی شارۆچكەی چەمچەماڵ دەڵێت، کە بەپارەى پترۆدۆلار چەندین پڕۆژەیان لە چەمچەماڵ ئەنجامداوە، چالاکوانێکى ئەو شارەش دەڵێت، کە هێشتا کەموکورتى زۆر هەیە لە چەمچەماڵدا و هەر پارەیەکیش هەبێت حزب بۆ مەرامى خۆى بەکارى دەهێنێت.


بەهۆى بوونى چەند کێڵگەیەکى گازى سروشتى لە سنورى شارۆچکەى چەمچەماڵ-ى سەر بە پارێزگاى سلێمانى، ماوەى ساڵێکە پارەى پترۆدۆلار، بۆ ئەو شارۆچکەیە دیارى کراوە، هەرچەند دیار نییە، کە کۆى گشتى ئەو پارەیە چەندە تاوەکو ئێستا بۆ ئەو شارۆچکەیە دیارى کراوە، بەڵام قائیمقامى چەمچەماڵ دەڵێت، کە تا ئێستا بڕى حەوت ملیۆن دۆلاریان لەو پارەیە بۆ پڕۆژەکان خەرج کردووە.

 ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی شارۆچكەی چەمچەماڵ، ئاماژەى بەو پڕۆژانەکرد کە بە پارەى پترۆ دۆلار جێبەجێیان کردووە و بە ڕۆژنیوزى وت:" ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی پترۆدۆلار جێبەجێكراون، بریتین لە پرۆژەكانی ڕێگەوبان ‌و ئاوی خواردنەوە، وەك ڕاكێشانی هێڵی دووی ئاوی كانی شەیتان چەمچەماڵ، لەگەڵ ڕاكێشانی هێڵی كارەبا و قیركردنی گوندەكانی بناری گل، كە خۆی لە 25 گوند-دا دەبینێتەوە".

هەروەها وتیشى:" بودجەی پترۆدولار زۆرنییە، بەڵام كۆمەڵێك گرفت و كێشەی بۆ چارەسەر کردووین لەسنورەكەدا، ئێمە پێشنیارى پڕۆژە پێویستەکان بۆ ئەنجومەنى وەزیران دەکەین و ئەوانیش ڕەزامەندى لەسەر دەدردەبڕن و بەشێوەى قیست، پارەکە دەخەنە سەر سندوقی پترۆدۆلار بۆمان كە لەبانكی كوردستانە، تاوەکو ئێستاش بڕى حەوت ملیۆن دۆلار-مان بۆ پڕۆژەکان لەو پارەیە خەرج کردووە".

هەرچەند پارەى پترۆدۆلار، بۆ شارۆچکەى چەمچەماڵ دیارى کراوە، بەڵام هێشتا ئەو شارۆچکەیە بەدەست چەندین کێشەى خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت.

پەیمان سەعدوڵا، کە چالاکوانێکى مەدەنى شارۆچکەى چەمچەماڵە، لەسەر کێشەکانى شارۆچکەکەیان، بە ڕۆژنیوزى وت:"وەك پێویست ئاوڕنەدراوەتەوە لەشارۆچكەی چەمچەماڵ، لەساڵانی نەوەدەكانەى سەدەى ڕابردووە وە تاوەکو ئێستا گرفتی كەم ئاوی هەیە لە چەمچەماڵ، تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە، ناكرێت حەوت بۆ هەشت ڕۆژجارێك ئاوی خواردنەوە بەماڵان بدرێت".

ئەو چالاکوانە وتیشى، کە بێجگە لە کێشەى ئاو، چەمچەماڵ کێشەى کەمى کارەباى نیشتیمانى هەیە، هەروەها دەڵێت: لە ڕووى گەشتوگوزار-یشەوە هیچ گرنگییەک بە چەمچەماڵ نەدراوە.

پەیمان سەعدوڵا، لەکۆتایى قسەکانیدا، گومانى هەبوو لەوەى پارەى پترۆدۆلار، بۆ خزمەتى چەمچەماڵ خەرج بکرێت و وتى، کە هەر پارەیەك هەبێت حزب بۆ مەرامی خۆی بەكاری دەهێنێت، بۆیە داواى لە حزبە سیاسییەکان کرد، کە داوا لە ئەنجومەنى وەزیران و سامانە سروشتییەكان بكەن، بەپارەی پترۆدۆلار پرسی ئاوی خواردنەوە لە چەمچەماڵ چارەسەربكەن.

پارەى پترۆدۆلار، بریتییە لە دیاریکردنى دۆلارێک لەهەر ١٠٠ دۆلارێک-دا،لەداهاتى کێڵگە نەوتى و غازی-یەکان بۆ ئەو ناوچانەى کە کێڵگەى غازى سروشتى و نەوت-یان تێدایە، بەهۆى بوونى کێڵگەى غازى سروشتى کۆرمۆ، کە كۆمپانیای دانەغاز، کارى تێدا دەکات، لەسنوری شارەدێی قادركەرەم-ى سەر بە شارۆچکەى چەمچەماڵ، ماوەى ساڵێکە پارەى پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ دیارى کراوە.