پارەی مووچەخۆران لە بەغداوە گەیشتە هەرێم

پاش دواکەوتنی بۆماوەی مانگێک، دواجار مووچەی مانگی ١١/٢٠١٩ی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانەکراو گەیشتە هەولێر.


شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ١١ی ٢٠١٩ لە بەغداوە ڕەوانەکراو گەیشتە هەرێم.

دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە عەمانی پایتەختی ئوردنەوە دوای مانگێکی لە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، هۆکارەکەی بۆ میدیاکانی حیزبەکەی ئاشکرا کردو ڕایگەیاند، به‌ڕێوبه‌رێكی گشتی لە بەغدا نه‌یویستووه‌ واژۆ له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زیری دارایی عێراق بكات و پێیوابووه‌ ده‌توانێت ناردنی مووچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕابگرێت، بەڵام ئێستا ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.

لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، پاش دابەشکردنی ئەم مووچەیە، وەزارەتی دارایی راستەوخۆ ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەیەکی دیکە دەکات.

عەلی حەمەساڵح لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، پارەی مووچەی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەیشتووەو ئەو وەزارەتانەی ماون لە زوترین کاتدا مووچە وەردەگرن.

پاش کۆبونەوەشیان لەگەڵ وەزیری دارایی "کە لە هەمان کاتدا سەر بە حیزبەکەی خۆیەتی" داوایانکردووە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکیتر بکرێت، ئەویش ڕایانگەیاندووە، ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ پاش دابەشکردنی ئەم مووچەیە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان، پارەکەی بەغدا بەشی موچەی ٥٠٪‏ موچەخۆرانی ھەرێم دەکات، ئەو داھاتانەش کە ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایە، داھاتی ناوخۆیە بە بەهای ٢٤٠ ملیار دینارو داھاتی نەوت بە بەهای ٣٦٠ ملیار دینارو پارەی ھاوپەیمانان کە ئێستا کەمیکردوە بۆ ٨ ملیار دینارو پارەی بەغدا ٤٥٢ ملیار دینار.

لە بەرامبەریشدا خەرجی هەرێم بەمجۆرەیە، ٨٨٠ ملیار دیناری بۆ مووچە دەڕوات، ٤٠ ملیار دیناریش بۆ پرۆژەکان و بۆ خەرجی بەکاربردنیش نزیکەی ١٥٠ ملیار دەڕوات.

س.ح