پاشەکەوتی مووچە لابرا - نوێکراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بۆ بڕیاردان لەسەر پاشەکەوتى مووچە کۆبووەوە کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات بڕیاردرا بە لابردنی پاشەکەوتى مووچە.


ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کۆی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کرا.

کەمێک پێش ئێستا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: لەم مانگەوە مووچە بەبێ پاشەکەوت دابەشدەکرێت.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بەرامەر ئەوەی بەرگەی قەیرانی داراییان گرتووە و هاوکاری حکومەت بوون.

دواتر، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی خوندەوە و ڕایگەیاند، کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا دەری کردبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە حکومەتی هەرێم هەوڵی تەواودەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پاشەکەوتەی مووچەی فەرمانبەران کە لای حکومەتی هەرێمە.

لەساڵی ٢٠١٦ حکومەتى هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی ٢٥ بۆ ٧٥ ٪  پاشەکەوت بکات و کاری بە سیستمی پاشەکەوتی مووچەى فەرمانبەران کرد.

د.ع