پاڵاوگەیەکی بەنزین لە کەرکوک دروست دەکرێت

پاڵاوگەیەكی بەنزین لە كەركوك بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت و بە تەواوبوونیشی دەتوانێت ڕۆژانە بڕی ١٢ هەزار بەرمیل بەنزین بەرهەم بێنێت.


ئەمڕۆ كۆمپانیای بەرهەم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی گرێبەستێكیان واژۆكرد بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەیەكی بەرهەمهێنانی بەنزین، كە ڕۆژانە بڕی ١٢ هەزار بەرمیل بەنزین بەرهەم دێنێت.

شوانە عەزیز، بەرێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای بەرهەم بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەمە یەكەم پڕۆژەی لەو شێوەیەیە لە عێراق ئەنجام دەدرێت و کوالێتیی بەنزینەکەی ٩٥ ئۆکتانە.

بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای بەرهەم، وتیشی:گرێبەستەکە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵە و لە دوو مانگی دیکەدا دەست بە دامەزراندن دەکەین و دوو ساڵی تر بەرهەممان دەبێت.

ئاشکراشیکرد، گوژمەی جێبەجێکردنەکەی بۆ هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەم، ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە.

شوان عەزیز، وتیشی: بە دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە دەتوانین بەنزینی هەموو کەرکوک دابین بکەین و هەنارەدەی هەولێر و سلێمانیشی بکەین، ئەمەش کاریگەریی دەبێت بۆ کەمبوونەوەی نرخی بەنزین دەکات.

 

ش.ف