پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران دەستیپێکرد

پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد، بۆ ئەمساڵ بۆ یەك دۆنم ٢٦٣ كیلۆ گەنم لەجوتیارانی سنورەكە وەردەگیرێت.


هەرچەندە وەرزی دروێنەی گەنم لەسنوری دەشتی شارەزوور بەرەو كۆتایی دەڕوات، بەڵام پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، لە ئەمڕۆوە دەستیپێكردوە، لەكاتێكدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی دوو هەفتەیە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێكردوە.

لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە سایلۆی وەرگرتنی گەنم نیە، تەنها چەند پەنكەرێك هەیە لەسنورەكەدا کە توانایی هەڵگرتنی ٢٥ هەزار تۆن گەنمی هەیە و دەكەوێتە نزیك بازگەی دەرەشیش.

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بڕیاری وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دەدرێت، ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق درەنگ بڕیاریدا بنكەی وەرگرتنی گەنم لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا بكرێتەوە، "ئەمڕۆش پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە و ئومێدەوارین پرۆسەكە بەباشی بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، کە ئەمساڵ بۆ یەك دۆنم ٢٦٣ كیلۆ گەنم لەجوتیارانی سنورەكەمان  وەردەگیرێت، کە كۆی گشتی دەكاتە ٢٠ هەزار تۆن و ئەوەش كەمترە لەنیوەی بەرهەمی جوتیارانی سنوری هەڵەبجە.

وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەمشێوەیە دەبێت، گەنمی پلە یەك نرخەكەی بە ٥٦٠ هەزار دینارە، پلە دوو نرخەكەی ٤٨٠ هەزار، پلە سێ یەك تۆنی بە ٤٢٠ هەزار دینار دەبێت.

ساڵانە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی ٥٠ هەزار تۆن گەنم لەلایەن جوتیارانەوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەمساڵیش ٧٦ هەزار و ٤٢٤ دۆنم زەوی لەلایەن، ٢ هەزارو ٨٣٥ جوتیاروە کراوە بەگەنم.

ک.س