پرۆژەی مامۆستایان بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

​​​​​​​دەستبەکاربوونی پرۆژەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە مامۆستایان لە گەرمیان، ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت: گوێ لە داواکارییەکانمان نەگیراوە و نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون و قیستەکان لە پرۆژەکەدا زۆر لە بازاڕ زیاترە، جێگری بەرێوەبەری لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایانیش دەڵێت: هەر مامۆستایەک نرخەکانی پێ زۆرە ئەوە ڕای خۆیەتی چونکە وانییە.


هەشت ساڵ پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی پرۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ مامۆستایان لە گەرمیان دەرکرد، بەڵام جێبەجێنەکرا، دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گەرمیان بەڵێنیدا کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکات، دواجار لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەزۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکەدرا و لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٨ بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا و لە ئێستاشدا پرۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پرۆژەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە مامۆستایان پرۆژەیەکی حکومییە و بە چاودێری دەستەی وەبەرهێنانی گەرمیان و یەکێتی مامۆستایان لقی گەرمیان دراوە بە کۆمپانیای (خیمە السلام) کە پێویستە لەماوەی ١٢ ساڵدا تەواوی پرۆژەکە و خزمەتگوزارییەکانی ناوی تەواوبکرێت.

زۆری نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون و بڕی قیستەکانی و نەبوونی دەرخستەی کوالێتی و گەندەڵی لە دابەشکردنی و چەند گرفتێکیتر لە پرۆژەکەدا مامۆستایانی ئەو سنورەی نیگەران کردووە، لەو بارەیەوە ئاری عیزەدین، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز، وتی: نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون و قیستەکان لە پرۆژەکەدا زۆر لە بازاڕ زیاترە، بەجۆرێ بەشێک لە مامۆستایان بەناچاری پسوڵەی خانووەکانیان بە پارەیەکی کەم دەفرۆشن، چونکە پێیان هەڵناسوڕێت، تا ئێستاش دەرخستەیان نییە و کەس نازانێت کوالێتییان چۆنە، هەروەها پرۆژەکە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و ئامادەیی دروستکراوە بەڵام وەکو و بەخشش و لەسەر پەیوەندی حزبی و شەخسی ٢٠٠ خانووی دراوە بە مامۆستایانی زانکۆ بەبێ کێبڕکێ و ڕەچاوکردنی هیچ مەرج و ڕیزبەندییەک کە بۆ مامۆستایانی تر دانراوە.

سەبارەت بە شێواز و هەوڵەکانیشیان بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی و داواکارییەکانیان وتی: هەر لە سەرەتاوە واژۆی ٢٠٠٠ مامۆستای ناڕازیمان لە گەرمیان کۆکردەوە دژ بەو خاڵانە و بۆ چاککردنیان، هەر لە حکومەتی خۆجێییەوە تا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و بە لایەنە حزبییەکانیشەوە، هیچ دەرگایەک نەماوە ئێمە لێمان نەدابێت، بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی و داواکارییەکانمان، کەچی بەهەموو ئەو کەموکورتیە سەرەتایەوە پرۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستبەکاربووە.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا، کە پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێم لەلایەن، کەس و کۆمپانیا و حزبەوە قۆرخکراوە و دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام ئێمە بەهیچ جۆرێ کۆڵنادەین و لە هەرکات و سەردەمێکدا گونجا لە هەر ڕێگایەکەوەبێت ناڕەزایەتییەکانمان دەگەیەنینە ئەنجام.

محەمەد خەلیفە، جێگری بەرێوەبەری لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایان، کە ڕێکخراوەکەی چاودێری پرۆژەکە دەکات بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هەر مامۆستایەک دەڵێت نرخەکان زۆرە ئەوە ڕای خۆیەتی چونکە وانییە، بەراورد بە پرۆژەکانی تریش نرخی ئەم پرۆژەیە لە وانیتر کەمترە، هەروەها بە بڕیاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، ١٣٤ خانوومان لە پرۆژەکە داوە بە مامۆستایانی پەیمانگا و زانکۆ، بەهەمانشێوەی مامۆستایانی تر ڕیزبەندی و کێبڕکێمان بۆ یان ئەنجامداوە، ئەو کۆمپانیایەی کە پرۆژەکەشمان پێداوە پێشوتر چەندین پرۆژەی تری هاوشێوەی لە شارەکانی تر ئەنجامداوە و کارەکانیان بە گرەنتییە و سەرکەوتووە.

پرۆژەی بەهەشتی کەلار یان پرۆژەی مامۆستایان، دەکەوێتە نزیک زانکۆی گەرمیان پرۆژەکە لە دوو بەشی گەورە پێکدێت، بەشێکیان ١٧٠٠ خانووە بۆ مامۆستایانی گەرمیان، بەشێکی دیکەیان زیاترە لەو ژمارەیەیە و بۆ فەرمانبەران و توێژەکانیترە، شێوازی پارەدان و قیستی پرۆژەکەش بە جۆرێکە پێویستە سەرەتا و لە یەکەم ساڵی پرۆژەکەدا دە هەزار دۆلار (یەک دەفتەر) وەکو پێشەکی بدرێت و پاشان بە سێ ساڵ بە قیستی مانگانەی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دینار ٢٠ هەزار دۆلاری دیکە (دوو دەفتەر)یتر بدرێت، دوای ئەوەش ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە پێویستە بە شێوازی قیستی مانگانە لە ماوەی هەشت ساڵدا بدرێتەوە.

ک.س