پسپۆڕێکی ئابووریی لەبارەی ئەگەری سزاکان و دابەزینی بەهای دینارەوە دەدوێت

دکتۆر خالد حەیدەر، پسپۆڕی ئابووریی ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان لە بازاڕدا، دەشڵێت: ئەگەر ئەمریکا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، ئەوا سەرچاوەکانی داهات دەکاتە ئامانج.


لەدوای ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی، بەشێوەیەک نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٢٤ هەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی، لەئێستاشدا ئەگەرچی بەهای دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا نەچووەتەوە ئەو بەهایەی پێش ئاڵۆزییەکان هەیبوو، لەبارەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و ئەگەری سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر عێراقدا لەلایەن ئەمریکاوە، دکتۆر خالد حەیدەر، پسپۆڕی ئابووریی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

د.خالد حەیدەر پێیوایە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەڵاوسان لە بازاڕدا دروست دەکات و دەڵێت: چونکە ئێمە زۆرینەی پێداویستییەکانمان لە دەرەوە دەهێنین، بۆیە هەمیشە پێویستمان بە دۆلار دەبێت، ئەگەر ئێستا شتێک بکڕی بە دۆلارێک لە دەرەوە، دەیهێنیت لە بازاڕەکانی خۆمان بە هەزار و ٢٥٠ دینار دەیفرۆشیت، بەڵام ئەگەر نرخی دۆلار بوو بە ٢ هەزار، بۆیە فرۆشیاریش ناچارە بەزیاتر بیفرۆشێت.

لەبارەی لێکەوتەکانی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو پسپۆڕە ئابوورییە دەڵێت: ئەگەر ترامپ سزایەکی تووند بسەپێنێت بەسەر عێراقدا، ناتوانرێت پێداویستییەکانی لە دەرەوە دابینبکرێت، هەروەها ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت، سزاکانیش ڕاستەوخۆ دەچنە سەر سەرچاوەی ئابووریی وڵات، لە عێراقیشدا نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە.

دکتۆر خالد حەیدەر ڕوونیشی دەکاتەوە: لەبەر ئەوەی عێراق ئابوورییەکی نییە کە لەناوخۆوە پێداویستییەکانی خۆی پڕبکاتەوە، پێویستی هەمیشەیی بە وڵاتانی دەوروبەر هەیە، کە ئەوەش سەرچاوەی کێشەکانە، چونکە هەر کێشەیەک لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ڕووبدات، وادەکات کە ڕێژەی هاوردە کەمترببێتەوە و خستنەڕوو کەمتر دەبێت، لە بەرامبەریشدا خواستێکی جێگیر هەیە لە بازاڕادا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان لە بازاڕدا.

ک.س