پوتین ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی ئێران و ئۆراسیا-ی واژۆ کرد

سەرۆک کۆماری ڕووسیا یاسای پەسەندی ڕێککەوتننامەی کاتی دامەزراندنی ناوچەی ئازادی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا-ی واژۆ کرد.


دوێنی فلادمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕێککەوتننامەی کاتیی دامەزراندنی ناوچەی ئازادی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا-ی واژۆ کرد، کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی دووما، ئەنجومەنی نوێنەران، شورای فدراسیۆن و ئەنجومەنی باڵای پەرلەمانی ڕووسیاوە، پەسەند کرا بوو.

ڕێککەوتننامەی کاتیی بازرگانیی ئازاد لەنێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا ١٧ی ئایاری ٢٠١٨ لە شاری ئاستانە واژۆ کرا، ئەم رێككەوتنە بریتییە لە یاساکانی بنەڕەتیی بازرگانیی نێوان یەکێتی ئابووریی ئوراسیا و ئێران، کە زۆر نزیکن لە یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی- WTO، لەو ڕێگایەوە ئێران دەیەوێت وەڵامی ئاستەنگییەکانی بەردەمی بداتەوە.

ئێران ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی نییە، بۆیە هەوڵی نزیک بوونەوە و ئەندامبوون لە یەکێتی بازرگانی ئوراسیا دەدات، کە زۆربەی ئەندامەکانی وڵاتانی ناوچەی ئوراسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپان.

 پەیماننامەی دامەزراندنی ئەم یەکێتییە بازرگانیە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن وڵاتانی بلاروس، قازاقستان و ڕوسیا واژۆ کرا و ساڵی ٢٠١٥ دستی بەکار کرد.

ش.ف