پێشەنگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە سلێمانی کۆتایی هات

پێشەنگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە سلێمانی کۆتایی هات و ڕێکخەرانی پێشەنگاکەش دەڵێن، بە شێوەیەکی باش پێشەنگاکە بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە تورکیا و ئێرانەوە بەشداربوون کەم بوو.


ئەمڕۆ پێشەنگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە سلێمانی کۆتایی هات، کە دەیان کۆمپانیا لە چەندین وڵاتەوە بەشدار بوون.

کەمال حەمە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: دەیان کۆمپانیا لە پێشەنگاکەدا بەشدار بوون بە شێوەیەک لە ئێرانەوە ٣٠ کۆمپانیا و لە تورکیاوە ١٢ کۆمپانیا و لە میسرەوە ١٦ و لە پاکستانەوە ٨ و لە هندستانەوە ٤ و لە ئەڵمانیاوە ٣ و لە ئەمریکاوە ١ و لە ئەردنەوە ٢ و لە سوریاوە ٤ و لە سعودیەوە ١ ولە عێراقەوە ١٢ بەشداری پێشەنگاکە بوون.

وتیشی: لەسەر ئەنجامدانی ڕێکەوتنیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، لە ماوەی شەش ڕۆژدا ١٢ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان دروست بوو، هەروەها لەنێوان ژووری پیشەسازی و بازرگانی سلێمانی و ژووری ئامەد و باتمان پرۆتۆکۆلی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان لەنێوان هەردوولادا واژوو کرا.

کەمال حەمە باسی لەوەش کرد: لەبەر قەیرانی دارایی بەشداربوونی کۆمپانیا ئێرانی و تورکییەکان کەم بوو، بەڵام پێشەنگاکە زۆر باش تێپەڕی و ڕۆژانە نزیکەی ٣٥ بۆ ٤٠ هەزار کەس سەردانی پێشەنگاکەیان کرد.

 

ک.ک