پەرلەمانتارێك: عادل عەبدولمەهدی وتی لەئەمساڵدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕین

پەرلەمانتارێكی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، "عادل عەبدولمەهدی پێی وتوین، لەئەمساڵدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕین"، ئاشکراشی دەکات، کە بەشە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی هەرێم مەترسی لەسەرە.


ماوەیەکە دەنگۆی بڕینی بەشە بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە لایەن بەغداوە لە ئارادایە ئەوەش بەهۆی ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بە حکومەتی ناوەند لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

 

لە سەر ئەو پرسە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوز-ی ڕاگەیاند، بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتەكردوە کە "نوسراوێك هەیە لەوەزارەتی دارایی ئەو نوسراوەی بۆمنیان ناردوە باس لەشایستە داراییە گشتیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، نەك بڕینی بەشە بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەناو بودجەی ئەمساڵیشدا موچەی فەرمانبەران جیاكراوەتەوە لەشایستە داراییەكان".

وتیشی "شایستە داراییەكان بریتیە لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، کە پەیوەندی بەنەوتەوە هەیە، بەڵام موچەی فەرمانبەران پەیوەندی بەنەوتەوە نیە بەهیچ جۆرێك موچەی فەرمانبەران ناكەوێتە مەترسییەوە و نابڕدرێت، عادل عەبدولمەهدی پێی وتوین، لەئەمساڵدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشکراشیکرد کە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەكەوێتە بەر مەترسی، لەهەر حاڵەتێكیشدا ئەمساڵ پەناببرێت بۆ بڕینی بەشە بودجەی موچەی فەرمانبەران سكاڵا لەدادگای فیدراڵی لەسەر ئەو لایەنانە تۆماردەكەین کە ئەو كارە ئەنجامبدەن، هەرچەندە هیچ مەترسیەك نیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت.

ڕاشیگەیاند "ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا نەكات، بەغدا بودجەیی پەرەپێدانی پارێزگاكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان نانێرێت، بەو هۆیەشەوە پرۆژەکانی هەرێم پەکیان دەکەوێت و جێبەجێ‌ ناكرێن، ئەگەر هەرێم نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا نەكات".

ک.س