پەرلەمانتارێك: هەرێم ئامادەیی تیایە لەڕێگای سۆمۆ-وە نەوت بفرۆشێت

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات لەنێوان هەرێم و ناوەند گفتوگۆیەكی هێمن و بێدەنگ بەڕێوە دەچێت، ئامانج لێی ڕازیبونی هەرێمە بە تەسلیمكردنی نەوت بە بەغدا و فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆ-وە.


ڕێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرای كردووە ماوەیەكە گفتوگۆیەكی بێدەنگ لەنێوان هەرێم و ناوەند بەڕێوەدەچێت بەئامانجی تەسلیم كردنی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆ-وە، تائێستا بەهۆی جیاوازی لەچۆنیەتی ڕادەستكردنی نەوتەكە نەگەشتوونەتە ڕێككەوتن.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێرق باس لەوە دەكات، جیاوازی بیركردنەوەی هەردوولا لەسەر دوو خاڵە، خاڵكیان بریتیە لەوەی ئەو بڕە نەوتەی كە هەرێم دەبێ بیدات بە بەغدا چەند بێت؟ هەرچەندە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی دیاریكردوە، بەڵام ئێستا هەرێم لەهەوڵدایە ئەو ڕێژەیە كەمبكاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) سەدوپەنجا هەزار بەرمیلی ڕۆژانە یان كەمتر.

خاڵی دووەمیش ئەوەیە لە چ كاتێكەوە تەسلیمكردنی ئەو بڕە نەوتە ئەژمار بكرێت. 
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی دەكاتەوە، یان دەبێت بەپێی یاسای بودجە لە سەرەتای (۲٠۱۹)وەو بە (اپر رجعی) حساب بكرێت؟ لەم حاڵەتەدا پێویستە هەرێم قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بكاتەوە كە پێویستە لەكۆی مانگەكانی پێشووی ساڵی (۲٠۱۹) بینێرێت، ئەوەش بۆ هەرێم زەحمەتە، یان ئەوەیە لەو كاتەی كە ڕێككەوتن ئەكرێت بڕە نەوتی دیاریكراو بنێرێت، ئەمەیان ئاسانترەو فشاری كوتلە سیاسییەكان لەسەر حكومەتی عێراق كەمدەكاتەوە. 

بەپێی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە ڕێگایەكی تر ئەوەیە كە لە ساڵی تازەی (۲٠۲٠) و بەپێی ڕێكەوتنێكی نوێ هەرێم بڕێك نەوت تەسلیمی بەغدا بكات، ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیەلە بێبەشبونی هەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگە لە موچە.

ماوەی پێنج ساڵە حكومەتی هەرێم سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت پەیڕەو دەكات و لەم ماوەیەدا هەرێم دووچاری قەیرانێكی قوڵی دارایی بوویەوە.

د.ح