پەرلەمانتارێک: قۆرغکاریی دەرمان لەدوای نەوت پلەی دووەم وەردەگرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران ، ئاشكرایدەكات، لە ئیدارەی گەرمیان گەندەڵیی گەورە لە كڕینی دەرماندا دەكرێت و لە ٥٥٪ ی داهاتەكەی بەهەدەر دەڕوات، دەشڵێت: لە هەرێم بە پلەی یەكەم داهاتی نەوت بەتاڵان دەبرێت، دوای ئەویش بەهەدەردان و قۆرغكاریی زۆر لە بواری دەرماندا دەكرێت.


ئەمڕۆ، لەبەردەم كتێبخانەی گشتیی شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر پرسی بەهەدەردانی پارەی دەرمان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران لەكۆنگرەكەدا ڕایگەیاند، "پرسی دەرمان بابەتێکی گرنگ و هەستیارە و پەیوەستە‌ بەژیانی خەڵكەوە، یەكێكیشە لەو شوێنانەی بۆ گەندەڵی و كۆكردنەوەی داهات بەكاردێت، بەشێكی زۆری بەرپرسانی ئەم وڵاتە هەوڵدەدەن كۆمپانیایان هەبێت بۆ ئەوەی سود لەو داهاتە ببینن، لەم وڵاتە بە پلەی یەكەم داهاتی نەوت بەتاڵان دەبرێت، دوای ئەویش بەهەدەردان و قۆرغكاریی زۆر لە بواری دەرماندا دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە بودجەی عێراق ١٩٣ ملیارد دینار تەرخانكراوە بۆ كەر‌تی تەندروستیی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كێشەی دەرمان هەیە، "ئەو پارە زۆرە دێتە نێو هەرێم كەس نازانێ چی لێ بەسەردێت و كێ دەیبات".

غالب محەمەد ، باسی لەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گەرمیان و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە، بەپێی گرێبەستەكە، ٤٠٣ جۆری دەرمان، كڕدراوە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠١٩، گرێبەستەكەش بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستیی لەگەڵ یەك كۆمپانیا كراوە، كە ئەوەش قۆرغكارییە و ئەم كۆمپانیایە لە بری ئەوەی داشكاندن بكات، نرخەكەی بە ڕێژەی ٥٥٪زیاد كردووە.

زیاتر ڕونیكردەوە وتی: لە گرێبەستەكەدا، حەب بە ٨٩٠ دینار كڕدراوە، لە بنەڕەتدا خۆی بە ٤٣٠ دینارە، شروب  بە ٩٠٠ دیناركڕدراوە لە بنەڕەتدا بە ٣٠٠ دینارە، هەروەها ئاوی دەرزی كڕدراوە، ١٢ ملیۆن دیناری لێ قازانج كراوە.

غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەك پزیشك و كارمەندی بەشی كۆگا لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان، نووسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان كردووە، لیژنەیەك دروست بكرێت بۆ لێكوڵینەوە لە چۆنیەتی كڕینی دەرمانەكانی ناو گرێبەستەكە، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیە دروست نەكراوە.

ئەو پەرلەمانتارە، وتیشی: لە ٥٥٪ی داهاتی دەرمان بەهەدەر دەڕوات، ئەگەر مانگانە شەش ملیار دینار دەرمان بكڕدرێت، سێ ملیار و نیوی كۆمپانیایەك دەیبات، كە وەهمیە و لە ئێستاشدا تەندروستی گەرمیان كێشەی كەمی دەرمانی هەیە.

ك.س