پەرلەمان پرۆژەیاسای بودجەی نەناردەوە بۆ حكومەت

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ی نەگەڕاندەوە بۆ حكومەت، تەنها تێبینیی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەنێردرێت بۆ سەرۆك وەزیران و لەڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە كار بۆ گۆڕنكاری لە بودجەكەدا دەكەن.


دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە، لە سەرەكیترین ئەو پرسانەی تاوتوێیكرد، پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩بوو، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕواندەكرا پڕۆژەیاساكە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەوكارە نەكرا.

لەوبارەیەوە ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، لە كۆبوونەوەكەدا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی داوه‌ به‌وه‌ی تێبینیی ئه‌ندامه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ عادل عەبدولمەهدی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بنێرێت و له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان ئەنجومەنەكانی وەزیران و نوێنەران‌ كار بۆ گۆڕانكاریی بكرێت له‌ پرۆژه یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩.

دواتر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دواخرا بۆ سبەینێ.

كورد یەكێكە لەو لایەنانەی تێبینیی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩هەیە، بەتایبەت پشكی دیارییكراوی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا كە وەكو پشكی كورد لە بودجەی ٢٠١٨دا بە ١٢.٦٧% ماوەتەوە.

ئەو پڕۆژەیاسایەی ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە لەلایەن حكومەتی پێشووی عێراقەوە ئامادەكراوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتیی دەكرد.

ش.ف