پەیوەندییە ئابوورییەکانی سلێمانی و ئێران گەشەی پێدەدرێت

قائیمقامی سلێمانی و بەرپرسانی كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەتەوە و پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و ئێران-یان تاوتوێ کردووە.


لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە بینای قائیمقامیەت لەگەڵ 'سوری راوێژكاری ئابوری و ئەنوەری حەسیب زادە راوێژكاری بازرگانی و پیشەسازی لە كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی كۆبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی برەودان بەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوانیاندا کردووتەوەو ڕایانگەیاندووە:"پێشخستنی جموجوڵە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ئێراندایەو لەبەر ئەوە پێویستە گرنگی زیاتریان پێبدرێت".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، قائیمقامی سلێمانی و بەرپرسانی كونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی، باسیان لەو كێشەو گرفتانە كردووە كە لە دەروازە سنورییەكانداهەیەو جەختیان لەسەر بەزووی چارەسەركردنی كۆی گرفت و بەربەستەكان كردووەتەوە، هەروەها   هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێشكەشكردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لە خاڵە سنورییەكاندا.

س.ح