چین و ئەمریکا شەڕی بازرگانییان ڕاگرت

رێبەرانی چین و ئەمریکا لە دانیشتنەکەی گروپی ٢٠ لە ئەرجەنتین ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی شەڕی بازرگانیی نێوانیان و هەڵپەساردنی دانانی باج لەسەر کاڵاکان بۆ ماوەی سێ مانگ.


دانیشتنی وڵاتانی گروپی بیست، کە بە ئامادەبوونی ٢٠ وڵاتی خاوەن ئابووریی گەورەی جیهان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە بۆئنس ئایرس-ی ئەرجەنتین بەڕێوەچوو، دوێنی بە ڕاگەیاندنی لێدوانی کۆتایی دانیشتنەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا، بەڵام دژایەتی ئەمریکا لەگەڵ ڕێککەوتنەکەی پاریس لەجێی خۆی مایەوە و وڵاتانی ئەندام نەیانتوانی ئەمریکا ڕازیی بکەن بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنەکە، ڕاگرتنی شەڕی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا بەرچاوترین دەستکەوتی ئەو دانیشتنە بوو.

کۆشکی سپی و میدیا چینیەکان دوێنی ڕایانگەیاندووە، چاوپێکەوتنی دوناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین ڕێبەرانی دوو ئابووری گەورەی جیهان لە دانیشتنی گروپی ٢٠ لە ئەرجەنتین، پێشکەوتنی زۆر باشی هەبووە و هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر کاڵاکانی یەکتر بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵپەسێرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ترامپ بڕیاری دابوو، باجی تازە لەسەر کاڵا چینیەکان دانێت و چین-یش کە هەڕەشەی کردبوو لە ئەگەری دانانی باجی زیاتر لەسەر کاڵا چینیەکان، باج لەسەر کاڵا ئەمریکیەکان زیاد بکات، زیادکردنی باج لەسەر کاڵاکانی هاوردەکراوی هەردوولا بۆ ناو وڵاتەکانیان گەیشتبوونە ئاستێک کە بە شەڕی ئابووری ناوی لێدانرابوو.

ترامپ ڕێککەوتن لەگەڵ چینی بە ڕێككەوتنێکی زۆرباش ناوبرد و وتی: چین ڕێژەیەکی زۆر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بەەهەمەکانی دیکەی ئەمریکا دەکڕێت و ئەمە کاریگەریەکی چاوەڕواننەکراو لەسەر کەرتی کشتوکاڵی ئەمریکا دادەنێت.

ش.ف