چەند مامۆستایەک بۆ ئەوەی خوێندنگاکەیان دانەخرێت ٣ کاتژمێر بە بەفردا ڕێدەکەن

بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە سنوری شارۆچکەی سۆران و ڕەواندوز، ڕێگای چەندین گوندی سنورەکە داخراوە، دەوامی خوێندنیش لە شارەدێی حاجی ئۆمەران و چەند گوندێک پەکیان کەوتووە، چەند مامۆستایەکیش بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت چەند کاتژمێرێک بە بەفردا ڕێدەکەن بۆ گەیشتن بەو خوێندنگایەی وانەی تێدا دەڵێنەوە.


لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر باریینەی هەرێمی کوردستان و سنوری شارۆچکەی سۆران و ڕەواندوزی بەتایبەت گرتووەتە، بەفرێکی زۆر باریوە و ئەوەش بووەتە هۆی پەکخستنی هاتووچۆ لەبەشێک لە ناوچەکان.

لەئێستادا لە سنوری شارۆچکەی سۆران و ڕەواندوز ڕێگای چەندین گوند داخراوە و دەوامی خوێندنیش لە شارەدێی حاجی ئۆمەران و چەند گوندێک پەکیان کەوتووە، ئێوارەی دوێنێش هەشت مامۆستا کە یەکێکیان ژنە، لە سنوری شارەدێی وەرتێوە بۆ ئەوەی بگەنە گوندی كەلێتە و لە خوێندنگاکەیاندا وانە بڵێنەوە بەهۆی ئەوەی ڕێگای ئۆتۆمبێل بەهۆی بەفرەوە داخرابوو ناچاربوون، نزیکەی ٧ کیلۆمەتر و بۆماوەی ٣ کاتژمێر بەناو بەفردا ڕێگا بەپێ ببڕن بۆ ئەوەی بگەنەوە قوتابخانەی گوندەکەیان تاکو پرۆسەی خوێندن دەستپێبکەنەوە.

کرمانج عێزەت، قائیمقامی شارۆچکەی سۆران، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەئێستادا ١٠ گوند لە سنوری برادۆست بەهۆی بەفرەوە ڕیگاکانیان داخراوە و بەهۆی بارینی بەفریشەوە ئەمڕۆ لە شارەدێی حاجی ئۆمەران و بەشێک لە گوندەکانی سنورەکە دەوام لە خوێندنگاکاندا نەکرا.

گوندی کەڵێتە سەربە شارەدێی وەرتێیە لە شارۆچکەی ڕەواندز، کەوتۆتە بناری زنجیرە چیای کارۆخ، ساڵانە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت و چەندین جار هاتوچۆی گوندەکە بەڕووی ناوچەکانی تردا دادەخرێت.

ک.س