ڕۆژنامەنووسێکی ئابووریی: چی دیکە نەوت سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو نییە

ڕۆژنامەنوسێکی ئابووریی بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ و ڕزگارکردنی هەرێم لەو قەیرانە ئابووریەی کە تێیکەوتووە، داوایەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت: خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوت یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ئەم قەیرانە دارایەیە کە حکومەت تێیکەوتووە.


بەوتەی بەرپرسانی هەرێم زیاتر لە دوو مانگە قەیرانێکی ئابووریی سەخت بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستانی گرتووە، بەجۆرێک تا ئێستا ٧٠٪ی داهاتەکەی لەدەستداوە، هۆکارەکەش بۆ کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نرخی نەوت دەگەڕێننەوە کە ئێستا سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە، ئابووریناسانیش پێیانوایە حکومەتی هەرێم پلانی نییە بۆ چارەسەری کێشەکان تەنها پشتی بە کەرتی نەوت بەستووە و سەرچاوەکانی دیکەی داهاتی فەرامۆش کردووە.

بیلال سەعید، شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆخی ئێستای ئابووری کوردستان و ئەو قەیرانە داراییەی هەرێم بۆ ڕۆژنیوز، دەدوێت و دەڵێت، هۆکارەکەی بۆ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوەکانی داهاتی نەوت لە لایەک و پشت نەبەستن و پشتگوێخستنی سەرچاوەکانی دیکەیە.

ئەو شرۆڤەکارە ئابوورییە پێیوایە، تا سەرچاوەکانی وەک كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاریی نەبوژێنەوە، هەرێم ناتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و داگیرکاریی وڵاتان ببێتەوە.

بیلال سەعید، ئاماژە بەوە شدەکات، حکومەتی هەرێم کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و بازرگانی فەرامۆش کردووە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی دارایی دڵنیاکەرو جێگیریان هەیە، بەڵام چیتر نەوت سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو نییە و بازاڕەکەی لەدەست کڕیارانی نەوت نییە، هەربۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم لە قۆناغی داهاتوودا بەم جۆرەی ئێستا مامەڵە بە ئابووریی و نەوتەوە نەکات، ئەوەشدەخاتەڕوو کە پەنابردن بۆ گازی سروشتی بۆ قۆناغی ئێستا دەبێتە فریاد ڕەسی هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو دۆخەی ئێستاكە تێی كەوتووە

ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەڵێت، ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنرێت، زۆربەی کۆمپانیا و کارەکتەری وڵاتانی دیکە مامەڵەی پێوە دەکەن، دەربارەی مەترسییەکانی داڕمانی بازاڕی نەوتیش زیاتر قسەیکرد و وتی: لە ئێستادا هەموو ئاماژە و نیشانەكانی ئابووری پێمان دەڵێن تاوەكو كۆتایی ساڵ نرخی نەوت نزیكەی ٤٠ دۆلار دەبێت لە كاتێكدا لە بووجەی عێراقدا نەوت بە ٥٦$ خەمڵاندی بۆكاراوە بەمەش كورتهێنانی زۆر ڕووبەڕووی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێتەوە، ئەوەش ئابووری و داهاتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر مەترسیی گەورەی ئابووریی.

جگە لەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان بەدەست هەبوونی چەندین هێزی بێگانەوە لەسەر خاکەکەی دەناڵێنێ، ئابورییەکەشی لەلایەن وڵاتانەوە داگیر کراوە و هەموو هەوڵێکیش بە ئاراستەی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ لە ئێستادا شکستی پێ دەهێنرێت.

ک.س