ڕۆژنیوز زانیاریی نوێ لەسەر قەرزەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

ژمارە و ئاماری جیاواز لەلای پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکومەت هەیە لەبارەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەخۆی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٨ ملیار دۆلاردا دەبینێتەوە، لەوەش ٥ ملیار دۆلاری پارەی بانکەکانی عێراقە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوەدەکات کە قەرزارە، بەڵام وردەکاریی قەرزەکانی نە بۆ ڕای گشتی و نەبۆ پەرلەمانتاران بڵاونەکردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بەسەر چەند بوارێکی جیادا دابەش بووە، کەخۆی لە قەرزی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان، قەرزی بانکەکانی عێراق و هەرێم، قەرزی بەڵێندەران، قەرزاربوون بەهۆی کورتهێنانی ساڵانەی بودجەوە، قەرزی پێشەکی فرۆشتنی نەوت، دەبینێتەوە.

"حکومەتی هەرێم ٥ ملیار دۆلاری بانکەکانی بەغدا قەرزارە"

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زانیاریی نوێی لەسەر قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕۆژنیوز ڕاگەیاند و وتی: بەپێی ئەو زانیارییەی لیژنەی دارایی بانکی ناوەندی عێراق دەستمان کەوتووە، حکومەتی هەرێم نزیکەی ٦ تلریۆن دینار پارەی بانکە ئەهلی و حکومییەکانی عێراق قەرزارە، کە دەکاتە نزیکەی ٥ ملیار دۆلار، هەتا ئێستا٣٢٠ ملیۆن دۆلاری داوەتەوە، ئێستاش ڕێککەوتوون حکومەتی هەرێم مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار لەو قەرزە بداتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەو، حکومەتی هەرێم ١ملیار و نیو پارەی کۆمپانیای ڕوس نەفت قەرزارە، هەروەها ١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی دانەغاز قەرزارە، دەشڵێت: بەگشتی حکومەتی هەرێم (٢٢-٢٦) ملیار دۆلار قەرزارە.

ڕێواس فایەق، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هیچ زانیارییەکی لەسەر قەرزەکانی هەرێمی کوردستان نییە و دەڵێت:فەرمانگەیەک هەیە بەناوی فەرمانگەی قەرزەکانە لەناو حکومەتی هەرێمدا، ئەگەر پرسیارێکت هەبێت لەسەر قەرزەکان دەبێت لەوانی بکەیت، ئەوانیش کە پرسیاریان لێدەکەی دەڵێن ئێمە زانیاریمان لەسەر قەرزی نەوت نییە.  

ڕێواس فایەق، هۆکاریی نەبوونی زانیاریی لەسەر قەرزەکانی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان حکومەتی کاربەڕێکەرە و ئەوان ناتوانن پەیوەندی ڕاستەوخۆیان پێوەبکەن.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لەخولی پێشوی پەرلەماندا سەرۆکی لیژنەی دارایی بووە، ئاماژەی بەوەکرد، کە سێ ساڵ بەر لەئێستا، جێگریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی ناردووە بۆ پەرلەمانتاران لەبارەی قەرزەکانی هەرێمەوە و تێیدا نووسراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٨ ملیار دۆلار قەرزارە.

لە نوێترین زانیاریدا سەمیر هەورامی، بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی هەرێم (١٥- ١٦) ملیار دۆلار قەرزارە، هەروەها، ڕێباز حەملان، وەزیریی دارایی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاندووە حکومەتی هەرێم ملیارێک دۆلار قەرزی داوەتەوە.

"هەرێم دەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە"

بەپێی زانیاریانەی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێم ئێستا ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، هەروەها کۆمپانیانی سۆمۆ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات کە تاکۆتایی ئەمساڵ توانای هەناردەکردنی نەوتی  هەرێمی کوردستان بۆ ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە.  

عەلی حەمەساڵح، دەڵێت، کە ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان دەیفرۆشێت، ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ٧٠ دۆلار بێت، ٢٣ دۆلار بۆ حکومەت دەمێنێتەوە، واتا لە ئێستادا هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ٢٨٩ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشنتی نەوت دەست دەکەوێت، بەگشتی داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کورستان نزیکەی ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێی وایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بداتە سۆمۆ، ئەوا بۆی هەیە داهاتە زیادەکەی بۆ دانەوەی قەرزەکانی بەکاربهێنێت، دەشڵێت: ئەگەر نەوت نەداتە سۆمۆ ئەوا ئەگەر داهاتەکەی باش ئیدارە بکات دەتوانێت مانگانە بڕێک لە قەرزەکانی بداتەوە.

 

د.ع