ڕێبەر ئەحمەد: دۆخی ئابووریی بەرەو خراپیی دەچێت

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی کەم دابەزیوە و دۆخی ئابووریی بەرەو خراپیی دەچێت.


سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانکردنی دهۆک بۆ مەبەستی ئاگاداربوون لە زیانەکانی لافاو، لە شارۆچکەی زاخۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا ڕێبەر ئەحمەد، باسی لە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا کرد لەسەر ئابووریی هەریمی کوردستان و وتی: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە و بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی هاتووچۆ لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی، داهاتی ناوخۆیی بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزیوە، هاوکات نرخی نەوتیش دابەزیوە، بەجۆرێک هەندێک جار بەرمیلێک ئاو لە بەرمیلێک نەوت گەورەترە.

وەزیری ناوخۆ، وتیشی: داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش ١٠٪ بۆ ٢٠٪ دابەزیوە، دۆخی ئابووریی بەرەو خراپیی دەچێت، بۆیە ئەمە لەگەڵ خەڵکەکەمان هاوبەش دەکەین و خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی دیکە ئامادە دەکەین.

ڕێبەر ئەحمەد، جەختیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی یەدەگی نییە و وتی: ئەوەی هەمانە بودجەی بەغدا، پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆیە، هیچ یەدەگێکی دیکەی داراییمان نییە.

 

ش.ف