ڕێژەی بێکاریی لە هەرێم دوو هێندە بەرزبووەتەوە

بەپێی ئامارەکانی دەزگاکانی سەر بەحکومەتی هەرێم، ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە %١٥، قەیرانی دارایی و دۆخی چوار ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیە دادەنرێت، بەڵام دەوترێت ڕێژەکە زۆر لەوە زیارە.


بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەی ئامار لە هەرێمی کوردستان، کە بە ڕۆژنیوز-یان داوە، ساڵی ٢٠١٣ ڕێژەی بێکاریی لە هەرێم ٦.٥% بووە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە ئەو ڕێژەیە بۆ ١٥% بەرزبووەتەوە.

ئامارەکانی ئەو دەزگایانە، داتاکانیان زیاتر پشتبەوە دەبەستن، کە کەسانی بێکار ناویان تۆمار کردبێت لایان، یاخود ئەو ڕاپرسییانەی ئەنجامی دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە، بەبۆنەی نەبوونی بیمە و هاوکاریکردنی کرێکار لەکاتی لەدەستدانی کاردا لەلایەن حکومەتەوە، زۆر کەمن ئەو کەسانەی لەو ئامارانەدا تۆمار کراون، بۆیە چالاکانی کرێکاریی باس لەوە دەکەن، کە ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن.

بوارەکانی بیناسازیی و خزمەتگوزاریی، دوو لەو بوارە سەرەکییانەن کە بەڕێژەیەکی بەرچاو بێکاریی تێیاندا سەریهەڵداوە، بەوپێیەی کە لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە زۆرینە پرۆژە بیناسازیی و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیران.

لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە دەیان هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومیی و ناحکومییەکان خوێندن تەواو دەکەن، لەکاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە بڕیاری ڕاگرتنی دامەزراندن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، کە ئەمەش بە یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی دادەنرێت.

سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی لە سلێمانی، بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێیان وایە، کە ئەو ئامارانەی حکومەتی هەرێم ورد نین و ڕێژەی بێکاریی لەو ڕێژەیە زیاترە کە ئەوان ڕایانگەیاندووە.

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی لە سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە پێمانوایە کە ئەو ئامارانەی حکومەتی هەرێم دەیانخاتەڕوو ورد 'دەقیق' نین، پێمانوایە ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان ٢٠% بۆ ٢٥% زیاترە، چونکە جگە لەو کرێکارانەی کە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆژەکانەوە بێکاربوون یان ئەو وەبەرهێنەرانەی کە مایەپووچ بوون و پرۆژەکانیان ڕاگرتووە، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش چەندین ساڵە نە لە حکومەت دامەزراون و نە لە کەرتی تایبەتیش هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە.

زیندانیی، سیاسەتی ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی دەزانێت و دەڵێت: بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی خەڵکی تووشی هەژاریی و قەرزداریی کردووە، تەنانەت خەڵک هەیە بەهۆی هەژارییەوە ناتوانێت منداڵەکانی بخاتە بەر خوێندن، بێگومان هەر خانەوادەیەکیش تووشی هەژاری ببێت، کێشە تێیدا زیاتر دەبێت.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی و نالەباریی دۆخی ئابووریی، ئەمنیی و سیاسیی چوار ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، ڕێگای کۆچی بە گەنجان گرتەبەر، بەشێوەیەک لە تەنها لە سەرەتای سالی ٢٠١٦ـەوە بۆ ناوەڕاستی ٢٠١٧، ٦٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەوهۆیەشەوە سەدان کەس بوونەتە قوربانیی ڕێگاکانی کۆچبەری.

س.ح