ڕێکخراوی دۆر: هەناردەی نەوتی هەرێم 44.58% کەمیکردووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر، لەماوەی 5 مانگی ڕابردوو بەراورد بە 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2017، هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری لە داهات و هەناردەی نەوت بەرکەوتووە، بەجۆرێک  هەرێمی کوردستان 44.58% کۆی بەرهەمی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ، ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی هەرێمی کوردستان، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە لەژێر ناوی (هەناردە و داهاتی نەوت لەبەردەم ڕۆشناییدا)، کە ڕاپۆرتێکی بەراوردکارییە لەلایەن شارەزای کەرتی نەوت و ڕۆژنامەوانی ئابوری بیلال سەعید ئامادەکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج مانگی ساڵی 2018 بەراورد بە پێنج مانگی ساڵی 2017، کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە تۆمارکردووە، بەڕادەیەک ئاستی هەناردەی نەوت لە 82 ملیۆن و 722هەزار و 121 بەرمیل لەساڵی 2017ەوە  بۆ 45 ملیۆن و 845 هەزار و319 بەرمیل لە ساڵی 2018 دابەزیوە، واتە ئاستی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بەرێژەی 44.58% بووە.

هەروەها، تێکڕای ڕۆژانەی هەناردەی نەوت لەماوەی 5 مانگی ڕابردووی ساڵی 2017 دەکاتە 560 هەزار و 396 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەڵام تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی باشوری کوردستان لە ماوەی 5 مانگی ڕابردووی ساڵی 2018 دەکاتە 256 هەزار و 706 بەرمیل نەوت، بەڕێژە دەکاتە 53.79% کۆی گشتی هەناردەی گشتیی کەمیکردووە.

ئەوەش هاتووە: لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەراورد بەڕێژەی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی باشوری کوردستان زیادییکردووە، بەڵام بەراورد بە کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوت لە ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2017 بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە کە دەکاتە 765 ملیۆن و 132هەزار و 333دۆلار.

بیلال سەعید ڕۆژنامەنوسی ئابوریی و ئامادەکاری ڕاپۆرتی (هەناردە و داهاتی نەوت لەبەردەم ڕۆشنایدا) لەبارەی ڕاپۆرتەکەوە لە لیدوانێکی ڕۆژانامەوانییدا ڕایگەیاندووە: بەرزبونەوەی نرخی نەوت کەمێک لەزیانەکەی هەرێمی قەرەبووکردووەتەوە.

بیلال سەعید، لەبارەی هۆکاری دابەزینی هەناردە و داهاتی نەوتەوە روونیکردووەتەوە: ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی هەردوو کێڵگەی بای حەسەن و هاڤانا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی داهاتی نەوتی هەرێمە و دەشڵێت:"حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە ڕێگای بەغداد بگرێتە بەر ڕێککەوتن بکات  لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بۆ ئەوەی چیدی کەرتی نەوت توشی هیچ جۆرە تەوژمێک نەبێت لەوبارەیەوە".

 

ش.ف