ژنان بە خواردنی ڕۆژهەڵاتیی پێشوازی لە میوانان دەکەن

چێشتخانەی خانمانی ڕۆژهەڵات بە دروستکردنی خواردنە ڕۆژهەڵاتی و ئێرانییەکان، لە شاری سلێمانی پێشوازی لە میوانان دەکەن.


چێشتخانەی خانمانی ڕۆژهەڵات، لە لایەن نەسرین کەریمی ناسراو بە نەسرین تەنیا، بە مەبەستی ناساندنی خواردنی ڕۆژهەڵات و ئێران و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ چەن ژنێک، ماوەی زیاتر لە دوومانگ دەبێت لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی کراوەتەوە.

ئەم چێشتخانەیە، جگە لە نەسرین کە سەرپەرشتی دەکات، سێ ژنی دیکەش کاری تێدا دەکات و بە هاوکاری یەکتر بەڕێوەیدەبن، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانییەوە  تا٠٨:٠٠ی ئێوارە پێشوازی لە میوانان دەکەن.

نەسرین بە گیانێکی پێکەوەیی و دۆستانە لەگەڵ خوشکەکەی و دوو ژنی دیکە ڕۆژانە چەند جۆرێک خواردن ئامادە دەکەن، لەوانەش خۆرشت قیمە، خۆرشت سەوزی، کفتە و شفتە و چەندین جۆری زەڵاتە و سوپ، کە هاوڵاتیان زیاتر خوازیاری خواردنی سوپ و کفتە و شفتەن.

هەروەها جگە لە ئامادەکردنی خواردن بۆ ئەو کەسانەی سەردانی چێشتخانەکە دەکەن، خواردنی ئامادەکراویش بۆ فەرمانگە و چەند شوێنێک دروستدەکەن و توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا زۆرێک لە هاوڵایان بە تام و بۆنی خواردنە جۆربەجۆرەکانیان ئاشنا بکەن.

نەسرین باس لە ئامانجی کردنەوەی ئەم شوێنە دەکات و دەڵێت: هاوڵاتیان دەچوونە ئێران و ڕۆژهەڵات و دوای گەڕانەوە ڕەخنەیان لە خواردنەکان دەگرت، بۆیە منیش بڕیارم دا لێرەوە هەندێک خواردن دروستبکەم و پێشکەشی میوانانی بکەم، کە بەخۆشحاڵییەوە ئەوە ڕوون بوویەوە کە خواردنەکانمان زۆر تەندروستە و داواکارییەکی زۆری لە سەرە.

چنار عەبدوڵا، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی بوو، کە بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ ڕووی لە چێشتخانەکە کردبوو، سەبارەت بە خواردنەکانی ئەو ژنانە وەها دەدوێت: خواردنەکانیان زۆر پاک وخاوێن و تەندروستە، بە تایبەت لە ڕووی بەکارهێنانی خوێ و چەوری، هاوکات نرخەکانیشی گونجاوە و من زۆرینەی کات دێمە ئێرە و دەیبەمەوە بۆ ماڵەوەش.

نەسرین تەنیا، دایکی دوو منداڵە و٢٢ ساڵە شیعر-یش دەنووسێت و کۆمەڵە شیعرەکانیشی لە کتێبێکدا بە ناوی 'ڕووان بە لاپاڵی غوربەت'ەوە بڵاو کردووەتەوە، هەروەها شیعرەکانیشی زیاتر لایەنەکانی نیشتیمانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی دەگرێتەوە.

س.ح