کارگەیەک لە ئاکرێ دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠ تۆن مریشک بخاتە بازاڕەوە

کارگەیەکی مریشک لە ئاکرێ لەدوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکییەوە، فرۆشی سێ هێندە زیادیکردووە، لەتواناشیدایە ڕۆژانە ٣٠ تۆن مریشکی بەستوو بخاتە بازاڕەوە.


پاش ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکیی، ڕۆژ بە ڕۆژ خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەبێت، خاوەنی سەربڕینخانەی ئاکرێ بۆ پەلەوەر بەڕێژەی ٢٠٪ داشکانی بۆ بەرهەمەکانی کردووە، ئەویش بە مەبەستی هاندانی زیاتری هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ، بێ ئەوەی خەرجییەکی زیاتریان لەسەر بکەوێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە عەزیز زاهیر، خاوەنی سەربڕینخانەی ئاکرێ بۆ پەلەوەر وەریگرتووە، پێشتر نرخی کیلۆیەک مریشکیان بە سێ هەزار و ٧٥٠ دینار فرشتووە، بەڵام لە ئێستادا کیلۆیەک مریشک بە سێ هەزار و ١٠٠ دینار دەچێتە مارکێتەکان و بە سێ هەزار دیناریش دەیدەن بە کۆفرۆشەکان. 

هەڵمەتی بایکۆت بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر فرۆشی سەربڕینخانەکە دروستکردووە و فرۆشیان بۆ سێ هێندە زیادی کردووە، بەجۆرێک لە ڕابردوودا ڕۆژانە ٥٠٠ کیلۆ (نیو تۆن)مریشکیان دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا هەزار و ٥٠٠ کیلۆ دەخەنە بازاڕەوە، سەرجەم مریشکەکانیش لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابین دەکەن.

خاوەنی سەربڕینخانەی ئاکرێ بۆ پەلەوەر ئاشکرایکرد، کە ئەگەر کڕیار هەبێت، ئەوا لەتوانایاندا هەیە ڕۆژانە ٣٠ تۆن مریشکی بەستوو بخەنە بازاڕەوە.

لەئێستادا بەرهەمەکانی سەربڕینخانەکە بەزۆریی لە سنووری پارێزگای دهۆک ساغ دەکرێنەوە، وەک خاوەنەکەشی باسی دەکات، لەدوای دەستپێکردنی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکییەوە، لە سنووری هەولێر و سۆران کڕیاریان زۆر بووە، دەشڵێت: لە سلێمانی بریکارمان نییە، ئەگەر بریکار هەبێت دەتوانین مریشک بۆ سلێمانی-ش بنێرین.

ش.ف