کارگەیەک لە کرماشان گڕی گرت و کەسێک گیانی لەدەستدا

کارگەیەکی بەرهەمە نەوتییەکان لە کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گڕی گرت، لەئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی کۆگاکانی کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ کارگەیەکی بەرهەمە نەوتییەکان لە "شارۆچکەی پیشەیی فەرامان" لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گڕی گرتووە، بەهۆی فراوانی ئاگرکەوتنەوەکە یەکێک لە مەخزەنەکان تەقیوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

بەپێی زانیاریی ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی کرماشان لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا تا ئێستا کەسێک گیانی لە دەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە کاری کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەلایەن تیمە ئاگرکوژێنەوەکانەوە کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەک بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ کراوە.

تا ئێستاش بە فەرمی لەلایەن کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکان و هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.

ک.س