کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر کۆمپانیا و بازرگانە ئێرانییەکان دەرکەوتووە

لە پێشانگاى نێودەوڵەتى بازرگانى سلێمانی-دا، چەندین کۆمپانیا و بازرگانى ئێرانى و ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئامادەبوون، هەموویان ئاماژەیان بەوەدەکرد، کە گەمارۆکان بووەتە هۆى ئەوەى، کە نرخى بەرهەمەکانیان بەرزبێتەوە، ئەوەش ئاستى هەناردەکردنیانى هێناوەتە خوارەوە، هەروەها ئاشکرایانکرد، کە گرفتى زۆریان لە هاتووچۆپێکردنى دراودا بۆ دروستبووە.


نزیکەی مانگێکە ئەمریکا خولی دووەمی گەمارۆکانی گەڕاندووەتەوە سەر ئێران و ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی کار و بەرهەمهێنانی زۆرێک لە کارگە و کۆمپانیا ئێرانییەکان و بێکاری ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران، لە ئەنجامى ئەوەشدا ڕێژەى هەژارى بەرزبووەتەوە.

ئەو گەمارۆیانە، کە لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بوارەکانى بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت و گاز، پێشەسازی پترۆکیمیاوی، کەشتیوانی و سیستەمی بانکی ئێرانی دەکاتە ئامانج، بەڵام سێ مانگ پێشتر خولی یەکەمی گەمارۆکان جێبەجێکرا، کە بوارەکانی: کڕین و فرۆشتنی دراوى کاغەزى، کڕین و فرۆشتنی زێر و کانزاى پڕبەها، ئەلەمینیوم، ئاسن، بەردی خەڵۆز، کردنەوەی ئەژمارى بانقى دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕیاڵ بە ڕێژەی زۆر، پیشتیوانی ماڵی و بەڵگەی بڵاوکراو لە لایەن ئێران، کارگەکانى ئۆتۆمبێلى ئێران، کڕین و فرۆشتنی پارچەی فڕۆکە، فرۆشتنی ئەو خۆراکانەی لە ئێران بەرهەم دێن، چالاکی بەندەرەکان، کەشتیوانی و کەشتیسازی و پێشەسازی گرێدراوی ئەوانە، بازاڕی نەوت و پەترۆکیمیاوی، قەدەغەی بازاڕ نێوان دامەزراوە ماڵییەکانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران، قەدەغەی سەرمایەگوزاری لە بەشی وزەى ئێران، هاوکاری لەگەڵ ئێران لەسەر گەرەنتی خزمەتگوزارى، دەگرێتەوە.

لەسەر ئەم بابەتە و بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا و کارگەکانی ئێرانی بزانین وەک ڕۆژنیوز سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی-مان کرد، کە چەند کۆمپانیا و کارگەی ئێرانی بەشداریان تێدا کردووە، هەرچەند نەیاندەویست یان ڕاستر بڵێن نەیاندەوێرا زۆر لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن، بەڵام لەسەر کاریگەری گەمارۆکان لەسەر کار و ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆیان قسەیان کرد و شییان کردەوە، کە گەمارۆکان چۆن کاریگەری لەسەر کارەکانی ئەوان دەکات.

کاریگەرى گەمارۆکان لەسەر ماددە خۆراکییەکان

خاڵی هەشتی خولی یەکەمی گەمارۆکان ئاماژە بەوە دەکات فرۆشتنی ئەو خۆراکانەی لە ئێران بەرهەم دێن بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغەیە و ناتوانێت هەناردەیان بکات، بۆیە چوینە لای یەکێک لەو کۆمپانیانەی کە لە کەرتی خۆراک کاردەکات و بسکیت و کولیچە بەرهەمدەهێنێت.

محەمەد حسێن، یەکێک لە بەرپرسانى ئەو کۆمپانیایانە لەسەر کاریگەری گەمارۆکان دەڵێت، کە کاریگەری گەمارۆکان تا ئێستا لەسەریان دەرنەکەوتووە، بەڵام بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای بەرهەمەکانیان و کاریگەرییەکی دیکەشی لەسەر بەدەستهێنانی ماددەی خاو هەبووە،هەروەها لە سەر چۆنیەتی ئەو کاریگەریانە وتی: ئێمە پێشتر ماددە دەستپێکەکانمان لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرد، بەڵام لە کاتی بەرزبوونەوەی بەهای دولار دابین کردنیان قورس بووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوە بەهای تەواوبووی بەرهەمەکانمان، بە دەستپێکردنەوەی گەمارۆکان سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەهای ماددە دەستپێکەکان، دیسان ناتوانین هاوردەی ئەو ماددانە بکەین و ئەمە بووەتە هۆی کەمکردنی بەرهەمهێنانمان و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهاکان، ئەمەش بۆ ئێمە باش نییە.

لەسەر کاریگەری گەمارۆکان لەسەر هەناردەکردنیان نەجاری وتی: بەڵێ کاریگەریی دەبێت، سەرەرای ئەوەی بازاری دەرەوە بۆ ئێمە سودەکەی زیاترە، بەڵام ئێمە کێشەمان نابێت چونکە لە ناوخۆ بازارێک دەدۆزینەوە.

نەجاری هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە هەندێک لە کۆمپانیاکان بە هۆی گەمارۆکانەوە توانای دابینکردنی ماددەی دەستپێکیان نییە و داخراون بەڵام ئەوە هەموو کارگەو کۆمپانیاکان ناگرێتەوە.

ئاکام یەکێکى دیکە لەو کەسانە بوو کە بەشداریی لە پێشانگاکە کردبوو و وەک نوێنەرى کۆمپانیایەکی ئێرانی، کە خۆراک بەرهەمدەهێنێت،  لەسەر کاریگەرى گەمارۆکان وتى: گەمارۆکان لەسەر ئێمە وەک نوێنەرى کۆمپانیاکان کاریگەری نەبووە و تا ئێستا کێشەیەکمان لە هاوردەکردن نەبووە، بەڵام گەمارۆکان کاریگەری لەسەر کۆمپانی ئێرانیەکە کردووە، کە ناتوانن ماددەی دەستپێک دابین بکەن، دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار بووەتە هۆی ئەوەی بەهای تەواوبووی شتەکان بەرزبێتەوە، یەکێک دیکە لە کێشەکانمان ناردن و وەرگرتنی دراوە، لەبەر گەمارۆکان ئێستا ناتوانین پارە بنێرین بۆ ئێران، بۆیە ناچارین پارەکان بنێرینە وڵاتێکى وەک ئیمارات، کە کۆمپانیاکان لەوێ وەری بگرن، دەوڵەتی ئێران پێشتر یارمەتی کۆمپانیاکانی دەدا لە کڕینی دۆلار کەچی دوای دابەزینی بەهای تمەن ئێستا ئەو هاوکارییەش نەماوە.

کاریگەرى گەمارۆکان لەسەر بەرهەمە پیشەسازییەکان

بەرهەمهێنەرێکی دیکەی ئێرانی، کە لە کەرتی پێشەسازی کاردەکات دەڵێت: کاریگەری گەمارۆکان بێگومان زۆرن ئەو گەمارۆیانە کاریان کردووە لەسەر هاوردەکردنی شتەکان، بەرزبوونەوەی بەهاکان و زەحمەتی لە فرۆشتنیان بە هۆی بەهابوونیان.

خاڵێکی دیکەی گەمارۆکان کەرتی پێشەسازی ئێران دەگرێتەوە و بە قەدەغە کردنی هاوردەکردنی ئەلەمینیوم و ئاسن ئاستتەنگییەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران لە کەرتی پێشەسازی دروست دەکات.

ئازەری، کە بەڕێوەبری فرۆشتنی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری یوو.پی.ئێس، ماوەى ٢٢ ساڵە لەو بوارەوە کار دەکات و بەشداریی کردووە لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، لەسەر کاریگەری گەمارۆکان دەڵێت: گەمارۆکان کاریگەرییەکی نەرینیان کردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای بەرهەمەکانمان و هەروەها لە هاوردە کردن و دابینکردنی ماددە دەستپێکەکان تووشی کێشە بووینە.

بەرهەمهێنەرێکی ئاسن و پووڵا-ش کە لە ئێرانەوە بەشداریی کردووە لە پێشانگاکە، سەبارەت بە هاوردە کردن و هەناردە کردنی بەرهەمەکانیان دەڵێت: لەسەر سنور لە داگرتنی بار و دووبارە بارکردنی بەرهەمەکان کێشەمان بۆ دروست دەبێت و ڕسوماتە گومرگییەکان بەرزبوونەتەوە، هەروەها دەڵێت لەبەر ئەوەی ماددەی دەستپێکی بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ دابین دەبێت تا ئێستا تووشی گرفت نەبووینە و بەڵام دڵنیا نییە لەوەی لە داهاتووش کێشەیەکیان نەبێت.

گەمارۆکان ئاسن و پووڵا دەگرێتەوە، لەم پێشانگایە سەردانی یەکێک لە بەرهەهێنەرانی گەورەی پووڵامان کرد، کە لە ئێرانەوە بەشداری پێشانگاکەی کردبوو، بەگوێرەی نوێنەری ئەو کۆمپانیایە ساڵانە ١٠٠ هەزار تەن ئاسن و پووڵا هەناردەی عێراق و باشووری کوردستان دەکەن، نوێنەری کۆمپانیاکە سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆکان دەڵێت: گەمارۆکان کاریگەریی کردووە لەسەر نرخی بەرهەمەکان و ئێستا توانی ڕکابەری کۆمپانیا ئێرانییەکانی دابەزاندووە و لەبابەتی ئاڵوگۆڕی پارە و دراو تووشی کێشەی گەورە بووینەتەوە و ناتوانیین بە ئاسانی پارەکان بگوازینەوە، ئەو گامارۆیانە کاریگەری کردووەتە سەر هەناردەکردنی بەرهەمەکانمان، بەڵام تا ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاوی نەبووە بەڵام نازانیین لە داهاتوو شێوازی گەمارۆکان چ فۆرمێک بەخۆیەوە دەبینێت و دیار نییە لە داهاتوو چێ دەبێت.

ئەیوب فەتاح، کە بەشداریی لە پێشانگاکە کردووە، سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر ئێران دەڵێت: بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن نرخی بەرهەمەکان بەرزبووەتەوە و تووشی کێشەمان کردووە لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە و هاوردەکردنمان کەمی کردووە، وەکوو جاران ناتوانین کارەکانمان بەڕێوەبەرین.

لە دەسپێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆکان تا جێبەجێ کردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و تەنانەت پێش ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار زۆرێک لە کارگە بچووکەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان ڕاگیرا یان کارگەکانیان داخرا، کەچی بە دەستپێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و قووڵتر بوونی قەیرانە داراییەکانی ئێران و ئاستەنگیی دروستبوون لە کەرتی بازرگانی و کێشە لە هاوردە و هەناردە کردن، کارگە و کۆمپانی مامناوەند و گەورەکانیش تووشی کێشەی گەورە بوونە و کارەکانیان بەرەو ڕاوەستان.

کاریگەرى گەمارۆکان لە بوارى دراو  

یەکێک دیکە لە کێشەکانی کەرتی پێشەسازی لە ئێران دوای گەمارۆکان ئاڵوگۆڕی پارە و دراوە، بەپێ خاڵی یەکی خولی یەکەمی گەمارۆکان "کڕین و فرۆشتنی دراوى کاغەزى و ئەو سەنەدانەی پێگەی دۆلاریان هەیە"، قەدەغەیە و ئاستتەنگی زۆر بۆ بازرگانان و بەرهەمهێنەرانی کەرتی پێشەسازی و خوراک دروست دەکات و ناتوانن وەک جاران کارە بازرگانییکانیان بەڕێوەبەرن، چونکە سەرچاوەی ماددی دەستپێکیان وڵاتانی دیکەیە و بە پێ ئەو خاڵە دەستی بازرگانان لەو بابەتە دەبەستێت، خاڵی ١١ی خولی یەکەمی گەمارۆکان "قەدەغەی بازاڕ نێوان دامەزراوە ماڵییەکانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران"ـە، ئەم خاڵەش دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانان نەتوانن بە فەرمی هیچ ئاڵوگۆڕی پارە و دۆلار بکەن، مەگەر بە شێوەیەک دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە ڕێگەی نافەرمی، هەروەک خاڵی ١٣ی خولی یەکەمی گەمارۆکان ئاماژە بەوە دەکات "هاوکاری لەگەڵ ئێران لەسەر گەرەنتی خزمەتگوزارى و گەرەنتى (بیمە)" قەدەغەیە، بۆیە هیچ وڵات یان دامەزراوەیەک ناتوانێت گەرەنتی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی پارە و دراو بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات.

لە ماوەی ڕابردوو زۆرێک لە وڵاتان هەژمارە بانقییەکانی هاوڵاتیانی ئێرانی یان ئەو کۆمپانیا و کارگانە لە دەرەوەی ئێران هەژماری بانقییان هەبوو داخست ئەوەش ئاماژەیەکە بە خاڵی ٤ی خولی یەکەمی گەمارۆکان کە "کردنەوەی ئەژمارى بانقى دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕیاڵ بە ڕێژەی زۆر" قەدەغە دەکات، بۆیە ئێستا کەسە ئێرانییەکان و کۆمپانیا و کارگەکان ناتوانن هەژماری بانقییان لە دەرەوەی ئێران هەبێت کە لەو ڕێگەیەوە ئاڵوگۆڕی پارە و دراو بکەن و ئەگەر ئەمەش نەبێت و دان و ستاندنی پارە نەبێت نە توانای کڕینی ماددە دەستپێکەکانیان هەبێت، نەش توانای فرۆشتنی بەرهەمەکانیان دەمینێت.

ئەم خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەیان پێکرا تەنیا کەرتی تایبەت دەگرێتەوە و کەرتی گشتی و دەوڵەتی ئێران کە پشتی خۆی بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت کێشەی زۆر گەورەتر و قووڵتر لەوەیە، بۆ نمونە لە خولی یەکەمی گەمارۆکان لە خاڵی ١٠ ئاماژە بە قەدەغەی "بازاڕی نەوت و پەترۆکیمیاوی" دەکات و لە خاڵی ٩ ئاماژە بە قەدەغەی "چالاکی بەندەرەکان، کەشتیوانی و کەشتیسازی و پێشەسازی گرێدراوی ئەوانە" دەکات کە ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت پشتی پێدەبەستێت.

بێهیواییەکی زۆر لە ڕوخسار و قسەی بازرگانە ئێرانییەکاندا دیار بوو، چونکە ترسى داهاتوویەکی تاریک و مەترسیدار خۆی لەناو قسەکانیاندا شاردبووەوە، بەڵام دەترسان لەوەى بە ئاشکرا نیگەرانییەکانیان دەربڕن.

د.ع