کازمی بڕیاریدا مووچەی مانگی چوار بۆ هەرێم بنێرێت

سەرچاوەیەک، ڕایگەیاند، مستەفا کازمی بڕیاریداوە، پارەی مووچەی مانگی چوار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام بڕەکەی لە مانگەکانی دیکە کەمترە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: هەرێم و عێراق ئیشیان بەیەکترە و دەگەنە ڕێککەوتن.


 سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بڕیاریداوە بە ناردنی بڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم، بۆ مووچەی مانگی چوار، کە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ هەرێمی دەنارد بڕەکەی کەمترە، ئەوەش تا ئەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم.

لای خۆیەوە دکتۆر غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەواڵەکەی بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستکردەوە و وتی: ناردنی ئەو پارەیە لەم کاتەدا پێشبینیکراوە و پێمانوایە لە کۆتاییدا هەرێم و عێراق دەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام بڕەکەی دیارنییە کە لەسەری ڕێکدەکەون.

وتیشی: مانگی ڕابردوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دۆخی ئابووری عێراق زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێستا دۆخیان باشە، هەروەها عێراق و هەرێمیش ئیشیان بەیەکترە و ناتوانن دەستبەرداری یەکتربن.   

ک.س