کام پێشنیاز لەسەر خانەنشینی پلە تایبەتەکان بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی درووستدەکات؟

پەرلەمانتارێک وردەکاری ئەو پێشنیازانە ئاشکرا دەکات، کە بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان لە پەرلەمان خراونەتەڕوو، دەشڵێت، چەند لایەنێک دەیانەوێت ئەو پێشنیازە بسەپێنن کە بارگرانی لەسەر بوودجەی گشتی درووست دەکات.


لە کۆی ئەو پێشنیازانەی کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ماددەی حەوتی پرۆژە یاسای چاکسازی خرایەڕوو، هێشتا هیچ پێشنیازێکیان بڕیاری لێ نەدراوە تا لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوودا هاوشێوەی ماددەکانیتر دەنگی لەسەر بدرێت.

شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، پێشنیازی یەکەم کە خراوەتەڕوو، خانەنشینبوونی پلەتایبەتەکانە بە مووچەی ٢٥٪‏  بۆ ٥٠٪‏ کە لە لایەن فراکسیۆنی پارتییەوە خراوەتەڕوو، تیایدا کۆی گشتی دوایین مووچەی ٧٨ پەرلەمانتار بێ خزمەتی ١٥ ساڵ و تەمەنی ٤٥ ساڵ لەم خوولەدا بەرێژەی ٢٥٪‏ ی دوایین مووچەیان دەیانگرێتەوە و خانەنشین دەبن، ٣٣ پەرلەمانتاری دیکەش کە ئەو دوو مەرجەیان تێدایە بە ٥٠%ی دوایین مووچەیان خانەنشین دەبن و کۆی تێچووی ھەردوو جۆرە خانەنشینیەکە پێکەوە ھەموو١١١ پەرلەمانتارەکە دەکاتە زیاتر لە ٢٩٥ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دیناری مانگانە، بۆیە فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو، نەوەی نوێ، لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا نین.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو کە هاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانە دەڵێت، پێشنیازی دووەمیش کە فراکسیۆنی یەکگرتووش خستوویەتیەڕوو هاوتاکردنی خانەنشینی پلە باڵاکانە هاوشێوەی عێراق، بەجۆرێک لەم خوولەدا ٣٣ پەرلەمانتار کە مەرجی  ١٥ ساڵ خزمەت و ٤٥ ساڵ تەمەن دەیانگرێتەوە بەومەرجەی کۆی گشتی خانەنشینیان زیاتر نەبێت لە نیوەی دوایین مووچەی پەرلەمانتارییان، کە کۆی گشتی تێچووی ئەم پێشنیازە دەکاتە ١٣٥ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دیناری مانگانەو بەمجۆرەش خانەنشینی پلەتایبەت بە چوار ساڵ ناھێڵێت.

لەبارەی پێشنیازی سێیەمیشەوە کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ خستویەتییە ڕوو، نەهێشتنی خانەنشینی پلە تایبەتە بەگشتی کە بەوتەی شێرکۆ جەودەت ئەم پێشنیازە پێچەوانەی سیستمی خانەنشینیەو پێشێلی مافی ئەو بەرێوەبەرە گشتی و پسپۆڕو پلە تایبەتانە دەکات کە خزمەت و تەمەنی زۆریان ھەیەو مانگانە پارەی خانەنشینیان لێ بڕاوەو ناکرێت ئەو پارانەیان نەدرێتەوە دوای خانەنشینبونیان بەماف و شایستەیی یاساییان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، دەیانەوێت بە پێشنیازی یەکەم پلە تایبەتەکان بە چوار ساڵ خزمەت خانەنشین دەبن، زیاتر لە دوو ئەوەندەی پێشنیازی دووەم بارگرانی لەسەر بوودجەی گشتی درووستدەکات لە کاتێکدا پێچەوانەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقەو پێوەری جیاواز بەکاردەھێنێت لەنێوان خانەنشینی پلەتایبەت و خانەنشینی فەرمانبەری ئاسایی.

س.ح