کردنەوەی هەژماری بانکیی بەتاڵ ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچە پاشەکەوتکراوەکانی، بێ ئەوەی مووچەخۆر مافی ڕاکێشانی پارەکەی هەبێت، ناڕەزایەتیی لێکەتووەتەوە و مووچەخۆران داوادەکەن بەشێوەی کاش و مانگانە ئەو بڕە پارەیان پێبدرێتەوە.


لە پرۆژەیاسای چاکسازیی لە خانەنشینیی مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە و لە ئێستادا لەناو پەرلەماندایە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە بڕگەیەکیدا باس لەوەدەکات هەژمارێکی بانکیی بۆ مووچە پاشەکەوتکراوەکانی مووچەخۆران دەکرێتەوە، لە هەژمارەکەدا بڕی مووچە پاشەکەوتکراوەکە دیارییکراوە.

سیروان بابان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوزی ڕوونکردەوە، کە لەو هەژمارە بانکییەدا مووچە پاشەکەوتکراوەکە تەنیا وەک ژمارەیەک دەبێت و مووچەخۆران ناتوانن سودی لێوەربگرن و پارەی لێوەرگرن.

نەتوانینی ڕاکێشانی ئەو پارەیەیە لەلایەن مووچەخۆرانەوە، نیگەرانیی و ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هاونازعوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، باسی لەوەکرد، کە مووچەپاشەکەوتکراوەکان قەرزە لای حکومەت، ئێستاش دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم باشبووە، پێوستە ئەو قەرزەمان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بەبۆچوونی هاوسەر بایز، ژمێریار لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی، کردنەوەی هەژماری بانکی بەو شێوەیەی، کە حکومەتی هەرێم باسی دەکات، "ئەگەر تەنیا لە دوورەوە بتوانیت سەیری بکەیت، بێ ئەوەی بتوانیت پارەی کاش ڕابکێشیت"، ئەوا بێواتایە.

هەروەها، ڕێبوار تۆفیق، بەڕێوەبەری خوێندنگای بنەڕەتیی وەسفیە بەنی وەیس لە شاری سلێمانی، ئاماژەی بە سودێکی ئەو هەژمارە بانکییە کرد، کە ئەویش ئەوەیە، ئەو پاشەکەوتە دەبێتە ماڵێک بەسەر حکومەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبوار تۆفیق، بێئومێدە لە وەرگرتنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی و وتی: هیوایەکی زۆر کەممان هەیە، چونکە ئەزمونمان لەگەڵ حکومەت هەیە، پرۆژەی هەیە، بەڵام جێبەجێی ناکات.

بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایە، پێشیوایە، کە ئەگەر حکومەت مانگانە بڕێک لە مووچە پاشەکەوتکراوەکەی مووچەخۆران بداتەوە ڕێگاییەکی باش دەبێت بۆ دانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.

پرۆژەیاسای چاکسازیی لە خانەنشینیی مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، چوار ماددەی لە پەرلەمان پەسەند کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە دانیشتنێکی دیکەدا گفتوگۆ لەسەر ماددە و بڕگەکانی دیکە بکرێت، یەکێک لەو بڕگانەشی کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەرە، کردنەوەی ئەو هەژمارە بانکییەیە.

ش.ف