کرماشان، ژنانی کرێچی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا

ژنانی سەرپەرشتیاری خانەوادە و خێزانە کەم دەرامەتەکان، لە بەردەم قائیمقامییەتی شاری کرماشان گربوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.


ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە کەم دەرامەتەکان و ژنانی سەرپەرشتی خانەوادە (بێوەژن)، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی ژیانیان و بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، لە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، پارێزگای کرماشان خاوەنی پلەی یەکەمە لە بێکاریدا، هەروەها لە هەموو ئێراندا و زیاترین ڕێژەی قەراغنشینیی (دروستکردنی خانوو لە دەرەوەی یاسا بەهۆی کەم دەرامەتییەوە لە کەنار شارەکان)ی هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ژمارەیەک لە کەم دەرامەتانی کرماشان کە توانای کرێیی خانووشیان نییە و لە چادردا دەژین، تەنانەت هەندێکیشیان لە ناوەندە حکومییەکان داوای پێدانی چادریان کردووە، لە ڤیدیۆیەکدا داوای هاوکارییان کردبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی لە بۆمەلەرزەکەی دوو ساڵ لەمەوبەر کە لە پارێزگای کرماشان ڕوویدا، ماڵەکانیان ڕووخا، هێشتاش لەناو کەرەڤانە و چادردا دەژین و بە خراپبوونی دۆخی ئابووری ئێران و گرانبوونی شتومەک و هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر ژیانیان لە هەموو کاتێک خراپتر بووە.

س.ح