کرێنشینان چۆن کرێی دووکانە داخراوەکانیان بدەن؟

کرێنشینان چۆن کرێی دووکانە داخراوەکانیان بدەن؟ ئەمە خەمی گەورەی دووکاندارانی هەرێمی کوردستانە، کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە دووکانەکانیان داخستووە و خوازیارن حکومەت باج لە خاوەن موڵکەکان وەرنەگرێت، تا ئەوانیش کرێیان لێوەرنەگرن، وەزیری ناوخۆش دەڵێت: حکومەت دیراسەی دۆخەکە دەکات.


لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەوە بە بڕیاری حکومەتی هەرێم و بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە هەولێر و سلێمانی و دواتریش لە هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا و دووکان و بازاڕەکان داخران.

جیاواز لە ترسی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئێستا پەیداکردنی نان و بژێویی، بووە بە خەمی بەشی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چونکە کارەکانیان ڕاگیراوە و سەرچاوەی دیکەی داهاتیشیان نییە.

زیاتر لە هەمووان ئەو دووکاندار و پیشەوەرانە نیگەرانن، کە لە بینا و دووکانی کرێدا کاسبی دەکەن و پێویستە مانگانە زیاتر لە کرێیەک بدەن، لەوانە 'کرێی بینا یان دووکان، کرێی کۆگا، ئاو و کارەبای نیشتیمانی، کرێی کارەبای مۆلیدە و باجی حکومەت'، ئەوان دەپرسن، کاتێک نەتوانن دووکانەکانیان بکەنەوە و هیچ بڕە پارەیەک پەیدا بکەن، چۆن بتوانن خۆیان بژێنن و ئەو هەموو کرێیەش بدەن؟

ڕزگار مام بۆرە، خاوەن خواردنگەیەکی شاری هەولێرە، ئەو جگە لەوەی خواردنگەکەی بە کرێ گرتووە، ئەو خانووەشی تێیدا دەژی موڵکی خۆی نییە و بەکرێ گرتوویەتی و مانگانە تەنیا بۆ ئەو دوانە ٩٤٠ هەزار دینار کرێ دەدات، ڕزگار دەڵێت، نەک ئێستا کە دووکانەکانیان داخستووە، هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان، ئەوان بازاڕیان نەماوە و تووشی زیان بوون.

ڕزگار مام بۆرە، دەشڵێت: پێویستە حکومەتی هەرێم چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە، چونکە هەم بێکارین و هەم کرێی مانگانەمان لەسەرە.

ئەو خاوەن خواردنگەیە، باس لەوەش دەکات، کە ئەگەر سندوقی کرێنشینیی هەبوایە، کە چەندین ساڵە باس دەکرێت، ئێستا بۆ ئەم دۆخە سودی دەبوو، بەپێویستیشی دەزانێت، حکومەت باخ لە خاوەن موڵکەکان وەرنەگرێت، تاکو ئەوانیش کرێ لە کرێچییەکان وەرنەگرن، دەشڵێت: ئاخر میللەت بە خێر و سەدەقە بەڕێوەناچێت!

ئەو وتەیەی ڕزگار مام بۆرە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چەند جارێک بەرپرسانی هەرێم، لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە داوایان لە خاوەن موڵکەکان کرد، کە هاوکاریی کرێچییەکان بکەن.

ڕۆژنیوز ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی ڕێبەر  ئەحمەد،  وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد و لە وەڵامدا ڕایگەیاند: لە یەكەم كۆبوونەوەی  لیژنەی باڵای ڕوبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر كراوە و  بەم نزیكنەش كار دەكرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك، چونكە خەڵكی زۆر زیانیان بەردەكەوێت.

ڕێبەر ئەحمەد، وتیشی: لە كۆبوونەوەكانی لیژنەكە قسە لەسەر ئەوە كراوە،  ئەو كەسانەی قەرزاری حكومەتن لە ماوەی  ئەو دوومانگەدا باجەکانیان بۆ كەم بكرێتەوە، هەموو ئەو داوكاری و راسپاردانەی لای سەرۆكی حكومەت هەیە، لە نزیکترین کاتیشدا، سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیراسەی ئەو دۆخە دەكات.

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان، خێرخوازان لە سلێمانی، هەولێر، چەمچەماڵ، هەڵەبجە و گەرمیان دەستیان بە دروستکردنی نەخۆشخانە کردووە و زەوییەکەشیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابینکراوە، لە ڕاگەیەندراوێکیشدا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی داوای لە سەرمایەداران و خێرخوازان کرد، کە هەستن بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠٠ قەرەوێڵەیی، ئەمەش ڕەخنەی چاودێرانی لێکەوتەوە و پێیانوایە، کە نابێت دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانیی حکومەت چاوەڕێی خێری خێرخوازان بێت.

 

ش.ف