کرێکارانی هەفت تەپە ۱۳ ڕۆژە لە مانگرتندان

کرێکارانی کۆمپانیای هەفت تەپە ۱۳ ڕۆژە بەرامبەر لەسەرکار دەرکردنی بەشێک لە کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە، بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.


ئەمڕۆ کرێکارانی هەفت تەپە، لە پارێزگای خوزستانی ئێران، بۆ ۱۳ـەمین ڕۆژی بەردەوام، بەرامبەر دەرکردنی ٢١ کرێکاری کۆمپانیاکە و ڕادەستکردنی کارگەکە بە کەرتی تایبەت و پێنەدانی حەقدەست و پاداشتەکانیان دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە.

هەفتەیەک لەمەوبە پۆلیسی ئاسایش و زانیاریی ٤۰ کەس لە کرێکارانی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردبوو، هەروەها کاربەدەستانی کاگەکەش هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو، کە ئەگەر دەست لە مانگرتنەکەیان هەڵنەگرن، لەسەر کار دەردەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لیستێکی ۱٥۰ کەسییان ئامادە کردووە.

جێگای ئاماژەیە کرێکارانی هەفت تەپە لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێنەدانی حەقدەستیان، بە فەرمی نەناسینی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکارییان لەلایەن کاربەدەستانەوە، ڕادەستکردنی کارگەکەیان بە کەرتی تایبەت، دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان، هەروەها داوایان کردبوو کە  کارگەکەیان بە شێوازی شورایی بەڕێوەببرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لێیان دەستگیر و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەکان و دواتر زیندانەکانی ڕژێمی ئێران کران.

ش.ف