"کشتوکاڵ برسێتیی ناهێڵێت"

لە سیمینارێکدا لە شاری سلێمانی باس لە گرنگیی پەرەدان بە کشتوکاڵ کرا، بە ئامانجی نەهێشتنی برسێتیی.


ئەمڕۆ، لە هۆڵی د. ئومێد نوری، لە کولێژی کشتوکاڵی زانکۆ سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆراک، سیمینارێک لە ژێر ناونیشانی "نەهێشتنی برسێتیی لە ساڵی ٢٠٣٠دا مەحاڵ نییە"، لە لایەن زانکۆی سلێمانی و زانکۆی جیهان، بە ئامادەبوونی خوێندکاران و بەشێک لە مامۆستایان ئەنجامدرا.

سەرەتای مەراسیمەکە بە چەند ساتێک رێزگرتن لە شەهیدان ڕێگای ئازادی بوو و پاشان کورتە دیمەنێک لە سەر خۆراک چی دەگەیەنێت لە لای تۆ؟ نیشانی ئامادەبووان درا.

هەروەها، ئامارێک خرایەڕوو، کە بەپێی ئامارەکە لە ساڵی ٢٠١٤وە ڕێژەی برسێتیی ڕووی لە زیادبوونە و لە جیهاندا ٧٢٠ملیون کەسی برسی هەیه و لە هەر ١٠ کەسدا کەسێک برسییه، هەروەها وڵاتی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی برسیەتی لە ٢٥-٣٥%، بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٨.

 دواتر مامۆستای زانکۆ بڕوا خالید، وتی: پێوەرەکانی ئاستی ئاسایشی خۆراک، بنەمایەکی زانستی نییە و بە سیاسیی کراوە، ئەو پێوەرەی هەیە بریتیە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرامبەر بە هاوردەکان، هەروەها ڕێژەی خەرجی کڕینی خۆراک بەراورد بە داهاتەکان و ڕیژەی عەمبار کردنی خۆراک.

ئاماژەی بەوەشدا: بە خواردنێک دەوترێت خۆراکی خۆماڵی، کە لەناو سنوری خۆتدای نەک ئەو خۆراکەی کە لە بەسرەوە دێت، بۆیە ئێمە پۆلێنێکمان هەیە بۆ خۆراک ئەویش فراون کردنی سنوورەکانە، کە دەبێت نزیک بێت لە بەکاربەر و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بەکاربهێندرێت.

وتیشی: نەبوونی کارگە و ساغ نەکردنەوەی بەرهەم و نەبوونی بەهرەی زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵیی هۆکارە بۆ پووکانەوەی بەرهەمی ناوخۆ.

هەروەها لە قسەکانیدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پێشخستن بەرهەمی خۆماڵیی دا، کە دامەزراندنی پیشەسازییە خۆراکیەکان، دانانی چەند بنکەیەکی جێگیر لە گوند و شاردا و بانگهێشتکردنی کۆمپانیای ناوخۆ و دەرەکییەکانە بۆ پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، وە پێشخستنی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیان بەهۆکارێک بۆ نەهێشتنی برسێتیی ناوبرد، کە ئەگەر پەرەی پێبدرێت لە جیهاندا دەتواندرێت لە ٢٠٣٠ برسێتیی نەهێڵدرێت.

لە سمینارەکەدا ڕاو و سەرنجی ئامادەبووان کرا و لە کۆتاییدا جۆرەکانی خۆراکی وەک ترشیات، زەیتون، خەیارشۆر و ماست و پەنیر کە لە لایەن خوێندکارانی ئەو بەشەوە ئامادە کرابوو لە پێشانگایەکدا نمایش کرا.

شایەنی باسە "ڕۆژی جیهانی خۆراک"، لە لایەن ڕیکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی "فاو"وە بەبڕیاری لە سەر دراوە کە یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناونراوە.

 ئامانج-یش لە ناونانی ئەمڕۆژە، کەمکردنەوەی برسیەتی و هەژاریی و بەدخۆراکی بە تایبەت لە وڵاتانی هەژار و دواکەوتوودا و گرنگیدان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەەکان و گرنگیدان بە ژیانی گوندنشینان و باشترکردنی بژێوییان و لایەنی تەندروستی و پەروەردەییان، بوو.

 

ش.ف