کشتوکاڵ لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدایە و جوتیاران هیچ پاڵپشتیەک ناکرێن

بەپێی وتەی یەکێتی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، جوتیاران، هیچ پاڵپشت و هاوکارێکیان نییە و کەرتی کشتوکاڵ دۆخی زۆر خراپە، جوتیارانیش نیگەرانن لە نەبوونی هاوکاریی لەلایەن حکومەتەوە و دەڵێن: قەدەغەی هاتووچۆ ئەوەندەی دیکە کارەکانی قورس کردوون و ئاسانکاریان بۆ ناکرێت، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی کشتوکاڵ، تەنها ژمارەی مۆبایلی داناوە بۆ ئەوەی هەر جوتیارێک پێویستی بە هاوکاری بوو داوای یارمەتی بکات.


کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کەمترین گرنگی پێدەدرێت، بەپێی زانیارییەکانی یەکێتی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەو هاوکاریەکەمەی حکومەت کە هەبووە بۆ جوتیاران نەماوە، لەبەر ئەوەش بارودۆخی کشتوکاڵ زۆر زیاتر خراپ بووە، نەبوونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان و دانەخستنی سنوورەکان و گرانی تێچوونی بەرهەمەکان و نەبوونی یاسا و پاڵپشتێک بۆ جوتیاران لە دیاترین ئەو کێشانەن کە ڕووبەڕووی جوتیارەکان دەبنەوە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ لەهەرێم، جوتیاران نیگەرانن لەوەی هیچ پاڵپشتێکیان لە لایەن حکومەتەوە نییە و بەرهەمەکانیان بۆ ساغ نابێتەوە لە بازاڕدا، بەوتەی سەیداد فەرهاد کە جوتیارێکی گوندی دووزتەپەی سنوری پارێزگای هەولێرە و بژێوی لەسەر کاری کشتوکاڵییە، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا ساغ نابێتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ هاوکاری و پاڵپشتییەکیان ناکات، بۆیە بەرهەمەکانیان نافرۆشرێت و زۆربەی کات ناچارن بیدەنە ئاژەڵەکان.

مەلا عومەر محەمەد، جووتیارێکی دیکەیەی پارێزگای هەولێرە، باس لەوە دەکات لەگەڵ ئەوەی حکومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات، قەدەغەکردنی هاتووچۆ ئەوەندەی دیکە کارەکانی قورستر کردووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "ئێستا ناتوانین بچنە دەرەوەی گوندەکانمان، لەبەرئەوەشە بەرهەمەکانمان خراپ دەبێت و زیانێکی زۆرمان پێدەگات، بۆیە داوا لە وەزیری کشتوکاڵ دەکەین بێتە سەر خەت و چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ هاتوچۆی جوتیارەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان".

لای خۆیەوە نەوزاد  مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری یەکێتی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: کەرتی کشتوکاڵ بەڕادەیەک پشتگوێخراوە و حاڵی خراپە، کە جوتیار هەیە بە ٥٠ دۆنم زەوی ناتوانێت خێزانێکی پێنج کەسی بەخێوبکات، ئەمەش بەهۆی هاوکاری نەکردنی جوتیاران و زۆری کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو کە کێشەی جوتیاران زۆر و بەردەوامن، لەگەڵیشیدا هیچ پلانێک نییە بۆ چارەسەرکردنیان، یەکێک لە کێشەکان واڵاکردنی سنوورەکانە بەناوی زیادکردنی داهات کە ئەمەش زیانێکی زۆر لە ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕدا دەدات، هەروەها لەبەرئەوەی حکومەت هاوکاریی ماددی جوتیاران ناکات، بۆیە بەرهەمەکان تێچوویەکی زۆری دەبێت، پێچەوانەی ئەوەی کە لە بازاڕدا بەرهەمی دەرەوە زۆر هەرزانترە، بۆ نمونە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک تۆن گەنم لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان  ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دینارە، بەڵام باشترین جۆری گەنم لە بازاڕیی ئازاددا نرخەکەی لە ٢٤٠ هەزار تێپەڕناکات.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی جوتیاران نەبوونی کۆنتڕۆڵی جۆریش بە یەکێکی دیکە لە کێشەکان دەزانێت و لەوڕوەوە ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵی جۆری بۆ پێویستیە کشتوکاڵیەکان باش و بەهێز نییە، نرخی پەینی کیمیایی، دەرمانی قڕکەر و بنە تۆوەکان زۆر گرانە، لەگەڵ ئەوەشدا کوالێتی باش نییە.

یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکیەکانی جوتیاران نەبوونی یاسایەکە بۆ پارێزگاریی لە بەرهەمی ناوخۆ، بەوهۆیەشەوە بەرهەمی دەرەکی بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی دێتە ناو هەرێم و تاکە ڕێگریی تەنها هەندێک ڕێنماییە کە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیدا بۆ ڕێگریی لە هاوردە دەردەچن، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی بەرهەمی جوتیارەکان لە بازاڕەکاندا ساغنابێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ هیچ هاوکارییەکی جوتیارانی نەکردووە، بۆ ئەم دۆخەی جوتیارانیش کە بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە لە بازاڕەکاندا و تووشی زیانێکی زۆر دەبن هیچ پلانێکی ئەو تۆی نییە بۆ هاوکاریکردنیان.

بەپێی وتەی ئاوارە حەمید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی کوردستان. لە ئێستادا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان تەنیا ژمارە تەلەفۆنێکی داناوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمەش بۆ کارئاسانی جوتیاران تا زانیاری بدرێت بە وەزارەت و ڕێگە پێدانێکی کاتی بۆ هاتووچۆی جوتیارەکان بکرێت، کە لەڕێگا ئەو فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتیانەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێگەپێدانەکە دەکرێت.

ک.س