کوشتارگەکەی سەیدسادق بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان

هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانییە و ئەوەندەی لە پاشماوەی بنکەیەکی سەربازیی دەچێت ئەوەندە لە ناوەندێک ناچێت، کە سەرچاوەی دابینکردنی خۆراکێکی سەرەکی بێت بۆ هاوڵاتیانی شارۆچکەیەک، ئەو شوێنە كوشتارگە (قەسابخانە)کەی سەیدسادقە، بەرپرسانی ڤێتەرنەریش دەڵین: کوشتارگەکە و پاشماوەکە ژینگە و ئاو هەواوی ناوچەكەی بەتەواوی پیسكردوە و ئەو ئاژەڵانەی لەو  كوشتارگەیەش سەر دەبڕدرێن، پێش وەختە هیچ جۆرە پشكنێکی زانستییان بۆ ناکرێت.     


كوشتارگەی سەیدسادق، کە ڕۆژانە ١٥٠ تا ٢٠٠ سەر ئاژەڵی تێدا سەر دەبڕدرێت دەکەوێتە گەڕەکی حەساری شارۆچکەی سەیدسادق، لە ئێستاشدا کوشتارگە جگە لەوەی بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان چەندین گرفتیشی هەیە.

هاوڵاتیانی سنورەکەی هەراسانکردووە

كوشتارگەکە، بەهۆی ئەوەی ئێستا کەوتووەتە ناوجەرگی ماڵەکان، مەترسی لەسەر ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان دروستكردوە، ئەوەش بەو هۆیەی کە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانییە و ژینگەی دەوروبەری کوشتارگەکەش زۆر پیسە و جگە لەوەی ڕێگاکانی قیرتاو یان کۆنکرێت نەکراون، هاوکات پیسییەکی زۆریش لە دەوروبەری کوشتارگەکە هەیە و پاشماوە و بۆنی کوشتارگەکەش هاوڵاتیانی سنورەکەی هەراسانکردووە.

كوشتارگەکە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە

كوشتارگەكە، ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە دروستكراوە، بەڵام ئێستا هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و ژینگەو ئاو هەواوی ناوچەكەشی بەتەواوی پیسكردوە، ئەو ئاژەڵانەشی دەبرێنە ناو كۆشتارگەكەوە بۆ سەربڕین، پێش وەختە هیچ جۆرێك پشكنینی زانستی و پزیشكییان بۆ ناكرێت، بەڵکو دوای سەربڕین پشكنین بۆ گۆشتەكانیان دەكرێت، هەروەها هیچ جۆرە ساردكەرەوەیەكی تێدا نیە، ڕاستەوخۆ گۆشتەكان دەچێتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن، ئەوانەش مەرجی تایبەتن دەبێت لەناو كوشتارگەكەدا هەبێت، بەڵام لەو کوشتارگەیەدا بوونیە.

سەگ و پشیلە لە ناو کوشتارگەکە تەراتێن دەکەن

کوشتارگەكەی سەیدسادق، جگە لەو کەموکورتییانە دەرگای حەوشەكەی بەكراوەی جێدەهێڵرێت، سەگ و پشیلەی دەچنە ناوی، بەردەمی بیناکەش قوڕو چڵپاوە پەنجەرە و دەرگاكانیشی وێرانەیە، بەشێك لەگۆشتی ئاژەڵەكانیش لەناو حەوشەكەیدا دەسوتێنن و دوكەڵ و پیسیەكەی دەچێتەوە بەسەر خەڵكی ناوچەکەدا کە ئەوانەش مەترسی گەورەن بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ.

ناوێرین منداڵی بچوك بنێرینە دەرەوە

ئامینە ئەحمەد، ژنێكی بەتەمەنی دانیشتووی نزیك کوشتارگەكەیە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "ئێمە لەم گەڕەكەدا دادەنیشین بۆنی پیسی قەسابخانەكە زۆر دێت بەسەرماندا، خەڵكی ناوێرێت منداڵی بچوك بێنێتە دەرەوە لەتاو بۆن و پیسیەكەی، هەر بەهۆی قەسابخانەكەوە چەندین سەگی بەرەڵا هەیە كاتێك لێرەوە هاتوچۆ دەكەین ئەو سەگانە پەلاماری خەڵكی دەدات مەترسیان زۆرە بۆ منداڵان".

وتیشی: بۆنەكەی زیاتر بۆ منداڵ خراپە، چونكە منداڵ ناسكە بەهۆی پیسی بۆنەكەیەوە توشی چەندەها نەخۆشیان دەكات، زیاتریش لەوەرزی گەرمادا بۆنەكەی زۆرە هەموو كات دەبێت دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكانمان داخەین بەهۆی پیسی بۆنەكەیەوە، داواكارین شوێنی کوشتارگەکە دوربخرێتەوە لەناو ئەم ماڵانە.

"بێبەشبووین لە یاریکردن"

منداڵانی گەڕەكەكە، کە بەهۆی بۆن و پیسی کوشتارگەکە ناتوانن وەک پیویست بینە دەرەوە و یاریی بکەن، ئەوانیش نیگەرانن لە بوونی شوێنێکی ئاوا لە ناو ماڵاندا، ئەحمەد محەمەد، یەکیک لە منداڵەکانە بەمجۆرە قسەیکرد "بۆنی پیسی قەسابخانەكە زۆر دێت بەسەرماندا توشی نەخۆشیمان دەكات، قەسابخانەكە سەگیشی لێیە هەندێك جار سەگەكان بەمنداڵەكان دەگەزن و برینداریان دەكەن، هیوادارم ئەم قەسابخانەیە لابەن و شوێنەکایمان بۆ بكەن بەپاركێك بۆ ئەوەی ئێمەش یاری تێدا بكەین".

بڕیاری کردنەوەی قەسابخانەیەك هەیە بەڵام تائیشتا نەکراوەتەوە

بێستون ئەبوبكر، پزیشكی ڤێتەرنەری و بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەری سەیدسادق، لەسەر كێشەو گرفتەكانی کوشتارگەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: "ئێمە ساڵانێكی زۆرە گیرۆدەی دەستی ئەو قەسابخانەیەین هەمیشە وتوومانە لەناو جەرگەی شاردایە، بووەتە هۆی پیسكردنی ژینگەی ئەو ناوچەیە بەتەواوی، قەسابخانەكە هیچ كەڵكێكی پێوە نەماوە".

وتیشی: هەرچەندە بڕیارێك هەیە بۆ كردنەوەی قەسابخانەیەك لەلایەن كەرتی تایبەتەوە، بەڵام تائێستا نازانرێت كەی دەكرێتەوە.

ئەو پزیشكەی ڤێتەرنەری، دەشڵێت: "هیچ شتێكی باش لەناو قەسابخانەكەدا نیە، تەنها ئەوە نەبێت دكتۆری ڤێتەرنەری ئێمە بەشێوەی زانستی پشكنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەكان دەكەن، شوێنێكی كراوەیە سەگ و پیشەیلەی تێدەچێت دەرگا و پەنجەرەی پێوە نیە، هیچی بەسەر هیچەوە نیە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "چەندین جار لەسەرووی خۆمان داوامان کردووە كێشەی ئەو قەسابخانەیە چارەسەر بكرێت، بەردەوام بەڵێن دەدرێت بۆ چارەسەركردنی، بەڵام بەبیانووی قەیرانی داراییەوە جێبەجێناكرێت".

بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەری سەیدسادق، قسەی زیاتری لەسەر قەسابخانەكە كردو وتی: یەكێك لەكێشەكانی قەسابخانەكە پیسكردنی ژینگە و هەوای ئەو ناوچەیەیە، هەروەها پیسی و ئاوەكەی دەچێتە ناو چەمی چەقانەوە دووبارە خاك و هەواو ئاوی ژێر زەوی پیس دەكات، هەموو ئەوانەش كاریگەری لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات و ژینگەی ناوچەكەش بەتەواوی پیسدەکات.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا لێدوانی دیاری ڕەفیق، قائیمقامی سەید سادق، سەبارەت بە لابردنی قەسابخانەكە و دروستكردنی ئەو قەسابخانە نوێیەوە وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە بدات.

ک.س