کۆرۆنا دوو سەرچاوەی سەرەکی داهات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کز دەکات

پاشەکشەی بەرچاوی نرخی نەوت و ئیفیلیج بوونی کەرتی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو لێکەوتی دیاری کۆرۆنای نوێ "COVI-19" ن بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی.


ڕەنگە گورزی ململانێ و ئاڵۆزی و جەنگەکان بەس نەبن لەسەر ئابوری وڵاتانی عەرەبی، دەرکەوتنی مەترسی کۆرۆناشی هاتە سەر، ئەم ڤایرۆسە کە مرۆڤ لە بێ ئاگاییدا تووشی دەبێت و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بڵاودەبێتەوە، لە ناکاوێکدا گەیشتە هەرێمی کوردستان، عێراق، سعودیە، کوێت، لوبنان، ئیمارات، تونس و میسر.

هەرچەندە ڕێژەی توشبووان بەراورد بە کۆریای باشور و ئێران و ئیتاڵیا کەمترە، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا کاریگەری ئابووری لەسەر دروستکردن، لەو نێوەندەشدا نەوت و گەشتیاری زیانی بەرچاویان پێگەیشت، داخستنی سنووری وڵات و لەکارکەوتنی کارگەکان، بەڵایەکی نوێ بوو بۆ ساغ بوونەوەی نەوت و کەرتی گەشتیاری.

چۆڵبوونی هۆتێلەکان و ڕاوەستانی هاتووچۆی گەشتیاری و هەڵوەشانەوەی چالاکییە گشتییەکان و داخستنی ناوچە گەشتیارییەکان و دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بۆ کەمتر لە ٤٠ دۆلار لە بازاڕی جیهانیدا، گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئابووری وڵاتانی ناوچەکە.

لای خۆیەوە، سعودیە بڕیاریدا مانگی داهاتوو قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکاتەوە کە لە هەناردەی نەوتی ئەم مانگەدا هەیبووە.

سەرچاوەی ئابووری زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە کەرتی گەشتیاری و نەوتەوە بەدەست دەهێنرێت و کەمتر سوود لە توانای مرۆیی وەردەگیرێت بۆ پەداکردنی داهات، لە نێویشیاندا، عێراق و کوێت و سعودیە و ئیمارات و جەزائیرو قەتەرن.

چینیش کە بە کانگای ساغکردنەوەی نەوتی ئەو وڵاتانە هەژمار دەکرێت، تا پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە ڕۆژانە دوو بەرمیل نەوتی لە سعودیە دەکڕی کە ئەوەش نیوەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە، هەریەک لە ژاپۆن و هیندستان و کۆریای باشووریش نەوی کەنداو ساغ دەکەنەوە.

لەماوەی دوو مانگدا نرخی نەوت بەڕێژەی لە ٢٥% بەهاکەی لەدەستداوە، هەزاران کۆمپانیاو دامەزراوەی چینی لەترسی ڤایرۆسەکە هێشتا دەرگاکانیان کڵۆم دراوە کە بەگشتی ڕۆژانە ١١ میلیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەبرێت لەو وڵاتە، هەر ئەوەش وایکردووە ئۆپێک نزیکەی دوو ملیۆن کورتهێنانی هەناردەی نەوتی هەبێت لەم کاتەدا.

لە ئێستاشدا مەترسی هەیە جارێکیتر هاوشێوەی کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ مەترسی ئابووری و ناجێگری نرخی نەوت لەسەر وڵاتانی کەنداو سەرهەڵبداتەوە.

لەبارەی کەرتی گەشتیاریشەوە کە لە ڕیزبەندی بەدەستهێنانی داهاتە لەوڵاتانی عەرەبیدا جگە لە مەغریب و تونس و میسر کە بەپلەی یەک پشت بە گەشتیاری دەبەستن، بەجۆرێک تونس داهاتی ساڵانەی گەشتیاری دەگاتە دوو ملیار دۆلار و مەغریبی عەرەبیش نزیکەی هەشت ملیار دۆلار.

بەڵام تا ئێستا کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەو چەند وڵاتە هاوشێوەی وڵاتانی دیکە دەرنەکەوتووە، بەوپێیەی هێشتا وەرزی زستان تیایاندا کۆتایی نەهاتووە، بە پێچەوانەوە عێراق هاوتەریب لەگەڵ خۆپیشاندانە گشتییەکان کە دژ بە گەندەڵی بەرپا بووە، کۆرۆناش بە یەکجاری گەشتیاری ڕەشی بۆسەر مەزارگەو شوێنە پیرۆزەکان ڕاگرتووە کە ساڵانە خۆی لە ١٠ ملیۆن کەس دەدات بە تایبەت زیارەتکارانی نەجەف و کەربەلا.

لە مەککە و مەدینەی سعودیەش کەرتی گەشتیاری بە تەواوی داڕووخا کە ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن سەردانکەریان هەبوو، لەنێویشیاندا گەشتی حەج و عومرە، زیانی ئەو دوو شارە بەتەنها بە ملیارات دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەزاران کەس لەم کاتەدا بێ ئیش بوون.

دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی عەرەبی لە کاتێکدابوو کە سیاسەت و ئابووری لە قەیراندا بوون.

س.ح