کۆرۆنا نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەسی لە هەرێمی کوردستان بێکار کردووە

بەتەنها کۆرۆنا هەڕەشە نییە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بێکاریی و برسێتیی هەڕەشەیەکی دیکەیە و نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەسی بێکار کردووە، بەرپرسێکیش دەڵێت: حکومەت ئاگاداری دۆخی ئەو کرێکارانەیە، بەڵام ناتوانێت بچێتە ژێر باری ئەو هەموو ئەرکەوە.


بە دەیان هەزار کرێکار بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە لە ماڵەکانیان کەرەنتینەن و کارەکانیان لەدەستداوە، بژێویی ژیانیان سەخت بووە و دیار نییە ئێستاش خۆراکی پێویستیان لە ماڵەوە مابێت یاخود نا، بەڵام جگە لە هەوڵی خێرخوازان کە لێرە و لەوێ دەستی هاوکارییان بۆ درێژ دەکەن، حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە تا ئێستا پلانێکی هەبێتو هاوکاریی پێویست بۆ خەڵکی هەژار و کرێکار دابین بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەم هاوڵاتیانی کەرەنتینە کردووە و ڕێگاوبانەکانی داخستووە و پرۆژەکانی ڕاگرتووە.

بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زیاتر لە ٢٥ هەزار کارگەی گەورە و بچووک لە هەرێم داخراون.

بەپێی ئەو ئامارە کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کرێکار و کارمەند لە کەرتی تایبەتدا بەهۆی ئەم دۆخەوە بێکاربوون، زیاتر لە ٣٠ هەزار کرێکاری دیکەش کە ڕاستەوخۆ لە بازاڕدا کاردەکەن وەک دەستگێڕ، شاگرد، گارسۆنەکان، کرێکارانی بیناسازی کاریان لەدەستداوە و نێردراونەتە ماڵەوە.

چالاک ڕەئوف، لێپسراوی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بە هەزاران کرێکار لە ماڵەکانیاندا دانیشتوون بێ ئەوەی هیچ ڕێگایەکیان هەبێت بۆ دەستکەوتنی بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان، هۆشداری ئەوەش دەدات ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، برسێتی ڕوو لە هاوڵاتیان و کرێکاران دەکات.

بەپێی وتەی چالاک ڕەئوف، زۆرینەی ئەو کرێکارانەی کە سەر بە خاوەن کارێک نیین و بە سەربەخۆ کاردەکەن، کرێچین، گوزەرانییان باش نییە، بە پێویستیشی زانی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاوڕێک لە دۆخی کرێکاران بداتەوە.

هەروەها، وتی: کرێکار ناتوانێت کار بکات لەم کاتەدا، بەڵام  ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا برسێتیی ڕوویان تێدەکات، چونکە ڕێژەیەکی زۆری کرێکار هەیە کە نازانین چییان بۆ بکەین، تا ئێستا دیار نییە کە حکومەتیش هیچ شتێکیان بۆ دەکات یان نا؟.

لە بەرامبەردا، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی، کە بەردەوام لە گفتوگۆدان لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا، بەڵام کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا تەنیا بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەی.

وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی وت، کە کاری وەزارەتەکەیان سنووردارە و ناتوانن هەموو بڕیارێک دەربکەن، تا ئێستاش هیچ پلانێک بۆ هاوکاریکردنی ئەو کرێکار و هاوڵاتیانە نییە، بەڵام  تەنیا لە ڕێگای کۆمەڵێک خێرخوازەوە  دەتوانن هاوکاریی ئەو هاووڵاتی و کرێکارانە بکەن کە پێویستیان بە هاوکاریی بێت.

ئاریان ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو، کە حکومەت ئێستا بە بارودۆخێکی قورسدا تێپەڕدەبێت، ئەمەش لەبەر ئەو خەرجییانەی کە بۆ بەرەنگاربووەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانیان دەکات.

بەوتەی خۆی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری دۆخی ئەو کرێکارانەیە، بەڵام ناتوانێت بچێتە ژێر باری ئەو هەموو ئەرکەوە.

ئەو کرێکارانەی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ لە بازاڕدا کار دەکەن، هیچ گەرەنتییەکی سەلامەتی و خواردن و کارکردن نایانگرێتەوە، بەپێی وتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانیش زۆرینەی ئەو کرێکارانە کرێچین و تەنیا سەرچاوەی داهاتیان ئەو پارەیەیە کە ڕۆژانە پەیدای دەکەن و ناتوانن هیچ پاشەکەوتێکی لێ بکەن.

 

 

ش.ف