کێشەی مەرزی کێلێ ڕەزامەندی ئێرانە

شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی مەرزی کێلێ-یان لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کرد و ئەو پرۆژانەیان بەسەرکردەوە، کە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزەکە ئەنجام دەدرێن، بەڵام وەک بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، کێشەی سەرەکی ئەوەیە هێشتا ئێران ڕەزامەندی نیشان نەداوە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێ.


ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی شاکر جبوری، بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنورییەکانی عێراق، سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینیان کرد و دواتریش چوونە مەرزی کێلێ بۆ دوابڕیار لەسەر مەرزەکە بە مەبەستی بە نێودەوڵەتیکردنی.

شاندەکە سەرەتا سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینیان کرد و دواتریش سەردانی مەرزی کێلێ-یان کرد، دوای بینینی مەرزەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا شاکر جبوری، بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سەردانی دەروازەی سنوریی کێلێمان کردوە، ئیرادەیەکی باش دەبینین لەلایەن ئیدارەی ناوخۆییەوە بۆ کارکردن لە مەرزەکە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین لە هاوکاریکردنەوەی ئەم مەرزە و کردنەوەی لە کاتێکی گونجاودا.

ڕاشیگەیاند: بە نێودەوڵەتیکردنی ئەم دەروازە سنورییە چەندین گرنگیی هەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە هەلی کار دابین دەکات بۆ خەڵکی ناوچەکە، هەربۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەنێودەڵەتیکردنی ئەم دەروازە سنورییە.

دواتر سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شاندێکی باڵا لە بەغداوە هاتوون بۆ مەرزی کێلێ، کە لە ١٢ وەزارەتی جیاواز پێکهاتوون بە مەبەستی بینینی ئەو کارانەی ئەنجام دراون بۆ دەروازەی سنوری کێلێ، کە بریتین لە قیرتاوکردنی ڕێگاکە و نزیکبونەوەی کارەبای نیشتیمانیی و پڕۆژەی کۆمەڵگەی ئیداریی مەرزەکە، ئەوانە پڕۆژەی گەورەن کە ئەنجام دراون.

وتیشی: ئەوەی زۆر گرنگە دەربڕینی ڕەزامەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەم دەروازە سنورییە، چونکە تا ئێستا ئێران ڕەزامەندنی لەسەر ئەوە نەداوە مەرزی کێلێ بکرێتە نێودەوڵەتی.

ئەوەشی وت: هەفتەی داهاتوو بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین سەردانێکی بەغدا دەکرێت بۆ بینینی سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ ئەوەی لەڕێی سەرۆک کۆماری عێراق هەوڵی ڕازیکردنی ئێران بدرێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێ، چونکە ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئێران وەرگرین کارەکانمان ئاسانتر دەبێت.

شاندەکە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە هەرێمی کوردستانن بە مەبەستی بەنێودەوڵەتیکردنی هەر یەکە لە مەرزەکانی سەیرانبەن لە پێنجوێن و پشتێ لە هەڵەبجە و کێلێ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە هەر سێ مەرزەکە هاوسنورن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.


ک.ک