کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان دووکەڵەکەی بۆ خەڵکە و داهاتەکانیشیان نادیارە

بەوتەی بەرپرسانی ناوچەکە کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان، هیچ داهاتێکیان بۆ خەڵکی ناوچەکە نیە، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا، دەڵێت: تەنها کێشە و گرفتە ئیدارییەکانی بۆ ئێمەیە و هیچ ئاگامان لە گرێبەست و داهاتەکەی نیە، هەروەها دووکەڵە ڕەشەکانیان خەڵکی هەراسانکردوە، بۆیە فشارمان کردووەتە سەریان یان فلتەر بکرێت یان بۆ وزەی کارەبا سودی لێببینرێت.


لە سنوری شارەدێی سەرقەڵای سەربە ئیدارەی گەرمیانی سنوری پارێزگای سلێمانی، سێ کێڵگەی نەوتی هەیە، ئەوانیش سەرقەڵای یەک کە لە گوندی حەسیرەیە و سەرقەڵای دوو دەکەوێتە گوندی گەردەلول و ملەسورەوە، لەگەڵ سەرقەڵای سێ کە دەکەوێتە گوندی کەوا چەرموە-وە، بە وتەی خۆیان هیچکام لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەدێی سەرقەڵا و شارۆچکەی کفری ئاگایان لە گرێبەست و داهاتەکانیان نیە، دووکەڵە ڕەشەکەشی خەڵکی ناوچەکەی هەراسانکردوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ژینگە، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا ڕامیار مەحمود بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ڕامیار مەحمود، لە سەرەتای قسەکانیدا لە بارەی پرسەکەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "ئێمە بە نوسراو داوامان کردووە گەرمیان وەکو و مافێکی خۆی پترۆ دۆلاری بۆ خەرج بکرێت بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلار، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوور و نزیک هیچ ئاگایەکمان لە گرێبەست و داهاتی نەوتی سنوری شارەدێی سەرقەڵا نیە، ئێمە تەنها چارەسەری کێشە و گرفتە ئیدارییەکانیان دەکەین و هیچی تر".

سەبارەت بە دووکەڵی ڕەشی ئەو کێڵگە نەوتیانە و مەترسییەکانی بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە وتی: بەهۆی هەراسانکردنی خەڵکی ناوچەکە و کایگەرییە خراپەکانی دووکەڵەکەی بۆ سەر ژینگە، ئێمە لەگەڵ قائیمقامیەت و ئیدارەی گەرمیان و سامانە سروشتییەکان و هەروەها کۆمپانیای گازپرۆم، ساڵی پار کۆبونەوەیەکمان ڕێکخست بۆ ڕێکخراوە ژینگەییەکان و فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، ئەوان پێیانوایە نەوتی حەسیرە کوالێتی باشە و زەرەرێکی ئەوتۆی نیە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، ئێمە فشارمان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵەکە و لە پلانیشدایە کەمبکرێتەوە.

لەبارەی گۆڕینی دووکەڵی کێڵگە نەوتیەکان بۆ وزەش ئەوەیخستەڕوو کە "کۆمپانیای گازپرۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پلانیاندایە دووکەڵەکە لەجیاتی پیسکردنی ژینگە بگۆڕن بۆ وێسگەی کارەبا بۆ سود گەیاندن بە خەڵکی گەرمیان، ئێمە پشتیوانی ئەو پرۆژەیەمان کردووە و داواشمان کردووە بۆ ئەوەی خەڵکی سنورەکە لە كێشەی بێ کارەبایی ڕزگاریان ببێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا پێیوایە ئەو پرۆژەیە کاتییە و ئەو غازەی کە لە دووکەڵەکە بەرهەمدێت ناتوانێت کارەبای بەردەوام بۆ ناوچەکە دابینبکات و تەنها بۆ ماوەی سێ ساڵ دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت.

ک.س