کەرتی کارەبای عێراق ساڵانە ١٢ ملیار دۆلار لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دەکەوێت

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرایکرد، خەرجی ساڵانەی کەرتی کارەبا لە عێراق ١٢ ملیار دۆلارە، هەربۆیە پێویستیان بە چوار ساڵە بۆ پشتبەستن بەخۆیان.


ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە دەست بە کارەباوە بگرن و بەفیڕۆی نەدەن، دەشڵێت، خەرجی ساڵانەی کەرتی کارەبا لە عێراق ١٢ ملیار دۆلارە.

ئەحمەد عەبادی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستیان بە چوار ساڵ هەیە بۆ ئەوەی پشت بەخۆی ببەستێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و نەگەڕانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام دوای ئێران ڕوو لە تورکیا و ئوردن دەکەن بۆ کڕینی کارەبا، ئەوەش دوابەدوای هۆشدارییەکەی ئەمریکا دێت بە پێدانی مۆڵەتی ١٢٠ ڕۆژ بە عێراق تا کۆتایی بە گرێبەستی کڕینی کارەبا بهێنێت لەگەڵ ئێران.

لە ئێستادا عێراق هەزار و ٤٠ مێگاوات کارەبا و ٢٨ ملیۆن مەتر چوارگۆشە واتە ٩٨٨ ملیۆن پێ غاز لە ئێران دەکڕێت.

ک.س