کەرکوک، داوا دەکرێت خاوەن موڵکەکان لە کرێی ئەم مانگە خۆشبن

بەرپرسی كەركوكی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، داوا لە خاوەن موڵکەکان دەکات، کە لە کرێی ئەم مانگەی موڵکەکانیان خۆشبن.


شەوی ڕابردوو لە سەنتەری ڕۆشبیریی كەركوك، كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ كەسانی هەژار و كەم دەرامەت ڕاگەیەندرا و نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، وردەکاریی کەمپەینەکە خرایەڕوو.

کەمپەینەکە لەلایەن مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کۆمەڵێک لە کەسایەتییە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوکەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتیی وتی:"بۆ ئەوەی كە نەهێڵین لەم دۆخەدا هەژارەكان لە ماڵەوە لە برسان نەمرن، منداڵەكان تووشی برسێتیی نەبن، دەبێت بیر لە هاوكاریی كەسانی هەژار بكەینەوە، بۆیە داوا لە كەسانی دەوڵەمەند و خێرخوازان دەكەین، بە هانای ئەم خەڵكە هەژارەوە بێن، تا نەهێڵین هیچ كارەساتێكی مرۆیی لەم شارە ڕوبدات".

محەمەد عوسمان، بڕی ئەو هاوکارییەی ئاشکرا کرد، کە لە شەوی ڕابردووەوە کۆیان کردووەتەوە و وتی: تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٣٠٠ پارچە و كیسە خوارمەنیی كۆكراواتەوە، پێشبینییش دەکەین لە ماوەی هەفتەیەكدا هاوكارییەكان بگاتە ١٠ هەزار خێزان.

لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنیوز دەربارەی ڕۆڵی حكومەت لە کەمکردنەوەی بارگرانیی ئابووریی بەتایبەت لەسەر کرێچییەکان، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە"ئێمە داوا لە خاوەن و موڵك و خانووەكان دەكەین، بۆ ئەم مانگە چاویان لە كرێچییەكانیان بێت و لە كرێكانیان خۆشبن، چونكە ئەگەر هاوڵاتییەك نەتوانێت كاسبی بكات چۆن دەتوانێت كرێ بدات، بۆیە داوكارم كە بەڕۆحی برایەتییەوە لە مافەكانیان خۆشبن".

جێگای ئاماژەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە قەدەغەی هاتووچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە و ئەمەش کاریگەریی خراپی ئابووریی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی ناتوانن کاری ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن.

 

ش.ف