کەنەکە: دابینکردنی بژێویی و مووچه‌ی میللەت ئەرکی حکومەتە

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت، کە ئەرکی حکومەت تەنیا پاراستنی ته‌ندروستیی و ده‌رکردنی رێکاره‌ یاساییه‌کان بۆ خۆپارێزییان له‌ پەتای کۆرۆنا نییە،  به‌ڵکو ئه‌رکی دابینکردنی بژێویی و مووچە و سه‌رچاوه‌ی ماددیی و گوزه‌رانی میللەتیشە.


ئەمشەو، کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤیکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی خەڵکی باشوری کوردستان و ئەرکی حکومەت بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو ڕێکارەکانی پاراستنی هاوڵاتیانی لە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتەبەر، قەدەغەی هاتووچۆش یەکێک لەو ڕێکارانە بوو، ئەوەش هاتووە:"ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان مووچەخۆری دەوڵەت، خانەنشین یان کرێکار، کاسبکار و کارکەری گوزەرانی ڕۆژانەن، لەنێوانیشیاندا خەڵکانێکی هەژار و کەم دەرامەت هەن کە بۆیان ناچێتە سەر ئەگەر ڕۆژانە کرێکاریی یان بژێویی ڕۆژانەیان پەیدا نەکەن".

ئەوەش هاتووە:"لەلایەک دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەکان، لەلایەکی تریشەوە وەستانی جموجۆڵی بازار و کاری کرێکاری و کاسبکارانی ڕۆژانە، باری ئابوری بە گشتیی خەڵکی هەراسان کردووە و دۆخەکە لە مەترسیدایە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گوایە حکومەت بە نیازە موچەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە".

باس لەوەش کراوە"باشووری کوردستان هەرێمێکی زەنگین و خاوەن چەندین کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت و گازە، هەروەها داهاتی ناوخۆشی هەیە، بودجە و مووچەی فەرمانبەر و مووچەوەرگرەکانی لە بەغداوە بۆ دێت، بەڵام زۆربەی خەڵکیی کە هەرگیز شایەنی ئەم دۆخە نییە! لە ژێر هێڵی هەژارییدایە و بە دەست گەندەڵیەوە دەناڵێنێ".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە"ئێمه‌ وه‌ک کۆمیته‌ی مافه‌کانی مرۆڤی کۆنگره‌ی نه‌ته‌و‌ە‌یی کوردستان ک ن ک ،  ڕامان وایه‌: ڕاسته‌‌ که‌ پەتای کۆڕۆنا و بابەتە ئابوورییەکە قەیرانێکی تری مەزنە بۆ دانیشتوانی هەرێمی باشووری کوردستان، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی هەموو حکومەتەکانی جیهان چارەسەری هەبێت، بیر لە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بکاتەوە".

بە بۆچوونی کەنەکە"ئه‌رکی حکومه‌ت هه‌ر پاراستنی ته‌ندروستی و ده‌رکردنی رێکاره‌ یاساییه‌کان بۆ خۆپارێزییان له‌ په‌تاکه‌ نییه‌!  به‌ڵکو ئه‌رکی دابینکردنی ژیان و مووچە و سه‌رچاوه‌ی ماددیی و گوزه‌رانی میللەتیشە‌".

ش.ف