گریین پایس: ١٥٪ی سەوزەی تورکیا ژەهراوین و ماددەی کیمیاوی قەدەغەکراویان تێدایە

ڕێکخراوی گرین پایس (ئاشتی سەوز) ئاشکرایکردووە کە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تورکیا، ماددەی کیمیاوی قەدەغەکراو بەکار دەهێنرێت و ١٥٪ی تەماتە، خیار و بیبارەکانی تورکیا ژەهراوین.


ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئاشتی سەوز بۆ پاراستنی ژینگە (گرین پایس)، لەسەر ئەو بەرهەمانەی لە ناوچەی ئاکدەنیزی تورکیا (دەریای ڕەش) بەرهەمدێن ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە کە لە بەشی تورکی ماڵپەڕی DW ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە کە، لە سەوزەکانی تورکیادا ماددەی کیمیاوی قەدەغەکراو دۆزراوەتەوە و لە زاری بولەنت شک، ئەندازیاری خۆراکی ئەو ڕێکخراوە نووسیویەتی: لە ٩٠ جۆرەی سەوزەکان لەناو ١٤ـیان ماددەی کیمیاوی قەدەغەکراو دۆزراوەتەوە و لەناو ٤٦ جۆرەیان کاریگەری ماددە کیمیاوییەکان و ماددە هورمونییەکان دۆزراوەتەوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ماددە کیمیاویانە، لەناو ئەو سەوزانەی لە مارکێتەکان دەفرۆشرێن زیاترە لەوانەی لەناو بازاڕەکان دەفرۆشرێن و ئەو سەوزانەی لە وەرزی خۆیان بەرهەمدێن ماددەی کیمیاوی کەمتریان پێوەیە لەوانەی لە دەرەوەی وەرزی خۆیان بەرهەمدێن.

لەو ڕاپۆرتەدا بەرکان ئۆزیەر، بەرپرسی خوراکی ڕێکخراوەکە دەڵێت: ژەهر لەناو سفرەکانمانە، ئێمە ماددە قەدەغەکراوەکان دەدەینە منداڵە خۆشەویستەکانمان، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پێویستە دەستوبرد کارێک بکەین، پێویستە لەجێی ئەوانە خوراکی پاک و تەندروست بەرهەم بێنین کە ڕێگاکەی کشتوکاڵی ژینگەییە.

ئەم ڕاپۆرتە مانگی ئابی ٢٠١٩ ئامادەکراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە پێنج مارکێتی گەورە، ٣٠ نمونەی تەماتە، ٣٠ نمونەی خیار و ٣٠ نمونەی بیبار تاقیکراونەتەوە.

ک.س