گیرفانی بەتاڵ و سنوردارکردنی هاتووچۆ هەرەسی بە بازاڕ هێناوە

پێناچێت بەمزووانە جوڵەی بازاڕ و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە، دۆخەکە بە تەواوی لە شوێنەواری جەنگێک دەچێت کە هێزو تینی لە هەموان بڕیبێت.


کەمتر لە هەفتەیەکە پارێزگای سلێمانی بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم، قەدەغەی هاتووچۆی هەڵگرتووە و ڕێگەی بە کردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە دوکان و بازاڕەکان داوە، ئەوەش بەوتەی بەرپرسانی شارەکە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت لە ئاست هاوکاری نەکردنی هاوڵاتیان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە، بە تایبەت کە ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرچاوەی داهاتەکانی ئیفلیج کردووە و بە شێکی بەرچاوی پەکخستووە.

گیرفانی بەتاڵ و سنووردارکردنی هاتووچۆ هەرەسی بە بازاڕ هێناوە، هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ تاڕادەیەک دەرگای ئومێدی بەڕووی کاسبکاراندا کردەوە، بەڵام وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت، نەیتوانیوە جووڵەی ئابووریی دروست بکاتەوە.

ماوەی ٤٥ ڕۆژە حکومەتی هەرێم بەهۆکاری جیا جیا نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران بدات، لەکاتێکدا هێشتا ئەو دۆخە ئابوورییە جیهانییەی، کە بەهۆی لەدەستدانی نرخی نەوتەوە دروستبووە، بە تەواوی لەسەر ئابووریی هەرێم ڕەنگی نەداوەتەوە و قەیرانە ڕاستەقینەکە لە چەند مانگی داهاتوودا بەدیار دەکەوێت، بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت، نیوەی زیاتری سەرچاوەی داهاتەکانی لەدەستداوە.

پێنەدانی مووچە و ڕاوەستانی بازاڕ لە یەک کاتدا، تینی بۆ خەڵکی هێناوە، هیچ ئاسۆیەکیش نییە دۆخەکە بە ئاڕاستەی ئاسایی بوونەوە هەنگاو پێ بنێت، پێدەچێت قەیرانە داراییەکەی ئەمجارە لە هەرێم سەختتر، بەڵام کورت خایەنتر بێت وەک ئەوەی لە ٢٠١٤ ڕوویدا.

یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە و بازاڕ کشو ماتە، بە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ئەم مانگە، ساڵانی ڕابردوو بازاڕ جمەی دەهات لە کڕیار و خەڵکی پێویستیەکانی ئەو مانگەیان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، نە بازاڕ گەرم و نە گیرفانیش پڕ بوو.

محەمەد عەبدولڕەحمان یەکێكە لە دەستگێڕەکانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە مانگێکە نە کاری کردووە و نە حکومەتیش هاوکاریی کردووە، ئاماژەی بەوەشدا کە بازاڕ بە تەواوی کز بووە و کڕیار تەنها پێویستییە سەرەکیەکان دەکڕن.

دونیا عەبدولواحید کڕیارێکە و هاتووەتە بازاڕ، هۆکاری سەرەکی چۆڵی و کزی بازاڕ بۆ نەبوونی مووچە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ئەو تەنها ئەو پێویستیانە دەکڕێت کە سەرەکیین.

ڕێبین محەمەد، یەکێکە لە کاسبکارانی ناوبازاڕی سلێمانی و دووکانی فرۆشتنی جلوبەرگی هەیە، باس لەوە دەکات بەهۆی داخستنی بازاڕ و نەبوونی مووچەوە، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و زۆربەی کاڵا و جلوبەرگەکانی هەڵگرتووە و وەرزەکەیان بەسەرچووە، لەهەمان کاتدا مۆدێلیشیان بەسەر دەچێت و ساڵی ئاییندە زەحمەتە ساغ بکرێنەوە.

ستارە ئەحمەد، کڕیارێکە و هاتووەتە بازاڕ، خانەنیشینە و موچەکەی تەنها ٢٠٠ هەزار دینارە، بەڵام مانگ و نیوێکە وەری نەگرتووە و هیچ جۆرە سەرچاوەیەکی تری داهاتی نییە، بە وتەی خۆیشی نەخۆشە و پارەی پێویستی نەخۆشخانە و کڕینی دەرمانی نییە.

کارزان عەزیز، دەستگێڕێکی دیکەی ناوبازاڕی شاری سلێمانیەو ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕ کزو چۆڵە، کاتی کارکردنیش زۆر کەمە و بۆ لەمەودواش دۆخەکە بەوجۆرە بێت ناتوانن کاسبی بکەن، چونکە کەشوهەوا گەرم دەبێت و ئێواران بازاڕی ئەوان گەرم دەبێت، بەڵام حکومەت تەنها تا کاتژمێر پێنج ڕێگە بە کارکردنی ئەوان دەدات.

دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان فەمانبەران لە دژی پێنەدانی مووچەکانیان گردبوونەوە و داوایانکرد حکومەت جێگرەوەی هەبێت بۆ نەبوونی مووچە و کەمکردنەوەی خەرجیی و باجەکان لەسەر هاوڵاتیان.

ش.ف