گەرمیان، کەس بەرهەمە تورکییەکان ناکڕێت و بەرهەمی ناوخۆ زیادیکردووە

بەهۆی زۆری خواست لەسەریان، لە بازاڕ و فرۆشگاکانی گەرمیان، پاککەرەوە و جوانکاری، ڕۆن، بەرهەمە سپییەکان و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکان بازاڕیان گەرم بووە، فرۆشیاران و هاوڵاتیانیش هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و شتومەکی تورکی.


بەهۆی فراوانبوونی کەمپەینی بایکۆتکردنی کاڵا و شتومەکی تورکی لە بازاڕەکاندا، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هاوڵاتییان بەدوای کاڵا و شتومەک و بەرهەمی جێگرەوەدا دەگەڕێن، ئەمەش بووەتەهۆی زیادبوونی خواست و خستنەڕووی لەسەر بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییەکان، لەوبارەیەوە کڕیاران و فرۆشیارانی بازاڕەکە، ڕای خۆیان لە ڕێگای ڕۆژنیوز-ەوە دەخەنەڕوو.

سامان غەفار خاوەنی یەکێک لە کۆگا گەورە و ناسراوەکانی شارۆچکەکەیە، لەمبارەیەوە وتی: لە لەدوای هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵاتی تورکییەوە، بەرهەمە ناوخۆیەکان خواستێکی زۆر باشی پەیدا کردووە، ئێستا لە فرۆشگاکەمان نزیکەی ٤٠ بەرهەمی خۆماڵی و کوردەواری ساغ دەکەینەوە، وەکوو بەرهەمەکانی شیرمەمەنی، بەرهەمه سپییەکان وەکو ماست و پەنیر، دۆینە و کەشک، ڕۆنی کوردی، برنجی کوردی، شیرینی.

 ئەو فرۆشیارە وتیشی: نزیکەی لە ٤٠٪ بەرهەمی عێراقی و ناوخۆی کوردستانن، بابەتەکانی تریشمان بوەتە بەرهەمی ئێرانی و ئۆکرانی و ئەڵمانی و وڵاتانیتر و ئەم بەرهەمانە نزیکەی هەشتا لەسەد جێگای بەرهەم و کاڵای تورکیان گرتووەتەوە، ڕۆژانە هاوڵاتیانی گەرمیان کە سەردانمان دەکەن، پرسیاری جۆری کاڵاکان دەکەن تورکی بێت نایکڕن.

فرۆشیارانی بازاڕەکە ئاماژە بە کاریگەری هەڵمەتی بایکۆت دەکەن و دەڵێن: دووجۆر هێلکەمان داناوە، عێراقی بە ٥هەزار و تورکی بە ٤هەزار، تورکیەکە وەک خۆی ماوەتەوەو عێراقیەکە تەواوبووە، داواشمان لە کۆمپانیا تورکیەکان کردووە سەردانمان نەکەن و بەرهەمەکانیان بۆمان نەهێنن.

هۆشیار محەمەد خاوەنی فرۆشگایەکی بەرهەمە خۆماڵی و سروشتییەکانە، لەبارەی جۆری بەرهەمە خۆماڵیەکانەوە وتی: زۆربەی بەرهەمەکانمان خۆماڵیەو خۆمان دروستی دەکەین، چەندین جۆری زەیتمان هەیە، بۆ نمونە زەیتی ڕەشکە، زەیتی مێخەک، زەیتی زەیتون، زەیتی بادەم، زەیتی کونجی، وە چەندین جۆر دۆشاومان هەیە،  وەکو دۆشاوی خورماو ترێ بەبێ شەکر، هەروەها هەنگوینی شاخ و چەندین جۆری بەهارات و بابەتەکانی جوانکاری.

ئاماژەی بەوەشدا: وەکو خاوەن فرۆشگایەک، بایکۆتی هەموو جۆرە کاڵاو شتومەکێکی تورکیمان کردووە، چونکە لە ئێستا بەهۆی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکییەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە خەڵک بەرهەمی تورکی ناکڕێت و ڕوویان کردووەتە بەرهەمه خۆماڵی و سروشتییەکان.

جیاواز لە خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە هەڵمەتی بایکۆتکردن، کۆگاکانی کەلوپەلی تەندرووستی و وەرزشیشی گرتووەتەوە، لەم بارەیەوە عومران مەحمود، خاوەن کۆگایەک بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕۆژانە هاوڵاتییان دێنەلامان پێش کڕینی کاڵاکان پرسیاری جۆری کاڵاکە دەکەن، ئەگەر تورکی بێت نایکڕن، بۆیە ئێمەش بایکۆتمان کردووە و هیچ کاڵا و بەرهەمێکی تورکی ساغ ناکەینەوە.

عەلی ئەحمەد هاوڵاتییەک، سەبارەت بە هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، باس لەوە دەکات، نیشانەی ڕۆحیەتی بەرەنگاری و ئیرادەی مرۆڤی کوردە لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هاوکات ئەم بایکۆتە هەڵوێستی هەموو چینوتوێژەکانە بە یەکدەنگ و بەیەکڕەنگ.

دەشڵێت: بەداخەوە پێشتر هاوڵاتییانی کوردستان کرابوون بە بەکاربەر، بەڵام لەئێستادا هەلێکی زۆر باش هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئێمە بەرهەمەکانمان زیندوو بکەینەوە و ببین بەبەرهەمهێن، بۆیە من لە بازاڕدا هەتا بەرهەمێکی خۆماڵی هەبێت دەستنابەم بۆ تورکی وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی.

س.ح