یاسای بودجەی گشتی ٢٠١٩عێراق لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوكرایەوە

یاسای بودجەی گشتی عێراق، كۆتا هەنگاوی پەسەندكردنی بڕی و لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقدا بڵاوكرایەوە، بەو پێیەش یاساكە تەنها جێبەجێكردنی ماوە.


ئەمڕۆ لە ژمارە چوار هەزار و ٥٢٩ی رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا، یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ ی عێراق بڵاوكرایەوە و ئەوەش كۆتا هەنگاوی پەسەندكردنە.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٣ی مانگی ڕابردوو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی پەسەند كرد و چواری ئەم مانگەش سەرۆك كۆمار یاساكەی پەسەند كرد.

بەر لەپەسەندكردنی یاساكە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چەندین جار باسیان لەوەكرد، كە ئەگەر یاسای بودجەی ٢٠١٩ پەسەند بكرێت و بەغداد شایستە داراییەكانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت، ئەوا دەتوانن دەستكاری پاشەكەوتی مووچە بكەن.

بودجەی گشتی ٢٠١٩ی عێراق بە ١١٢ ملیار دینار خەمڵێنراوە و پشكی هەرێمی كوردستانیش بە رێژەی ١٢.٧٪ دیاریكراوە و بڕیارە مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

ك.س