یەكێتی بۆ پارتی: ئەوانەی لەدەرەوەی کەرکوکن با لێدوانی لەسەر نەدەن

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك ڕایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە ڕێكەوتنێك لەنێوان ئەوان و پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک-دا نییە، بە پارتی-ش دەڵێت: ئەوانەی لەدەرەوەی کەرکوکن با لێدوانی لەسەر نەدەن.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری كەركوك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، دەربارەی دۆخی كەركوك و ئەو کێشانەی كە لە شارەكە بوونیان هەیە.

"بۆ ڕێککەوتنی نهێنیی لە کەرکوک نین"

لە كۆنگرەكەدا، ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕێککەوتنی نهێنیی نێوان یەکێتی و ئیدارەی کەرکوک دەکەن و وتی:"ئێمە لەم شارە ماینەوە بۆ بەرگرییكردن لە خەڵكی كەركوك نەك ڕێكەوتنی نهێنیی".

ڕەوەند مەلامەحمود، تیشکی خستە سەر قسەکانی دوێنێی ڕاکان جبوری کە باسی لە ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان کرد و وتی:"قسەکانی پارێزگاری کەرکوک تەمومژاویین، ئێمە هیچ جۆرە ڕێکكەوتنیمان لەگەڵ پارێزگاری كەركوكدا نییە".

" ئەوانەی لە دەروەی كەركوكن با لێدوان لەسەر كەركوك نەدەن"

بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی بە ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق وتی:"ئێمە وەک ئەوانە نین، كە لەڕێگای خەمیس خەنجەرەوە دەچن لە هەولێرەوە كۆمەڵێك ڕێکكەوتن دەكەن و هەندێ بابەت لەسەر كەركوك باس دەكەن، لەکاتێکدا ئامادە نین بێن لەناو كەركوكدا باسی بكەن، بۆیە دەڵێین ئەوانەی لە دەروەی كەركوكن با لێدوان لەسەر كەركوك نەدەن، چونكە ئەگەر كەسێك لەماڵەكە نەبێت ڕاستییەكە نازانێت".

"لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکەین موزایەدەمان بەسەرەوە بکات"

ڕەوەند مەلا مەحمود، لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: هەوڵ هەیە بۆ تەعریب لە كەركوك، لایەنی سیاسی هەیە پێوایە بەس موسڵ شارە و كوردی تێدا دەژی، پێیوانیە كە كەركوك كوردستان بێت، لە هیچ كەس و لایەنێك قبوڵ ناكەین موزایەدی سیاسییمان بەسەرەوە بكات، ئەوانی كە لە موسڵ دەوام دەكەن هەر كوردن، با ئەوانیش بێن لە كەركوك بن و هەمووان چارەسەری كێشەی كەركوك بكەین.

"بگەڕێنەوە کەرکوک"

هەروەها، وتی:"ئێمە بەو بەرپرسانی كورد، كە موسڵ لای ئەوان شامی شەریفە و كەركوك داگیركراوە، دەڵێین'ئێمە ئامادەین فەرموون سبەی بگەڕێنەوە كەركوك بە بێ مەرج ئەنجومەنی پارێزگا كارا بكەنەوە و پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بەشێكی كێشەكانی ئەم میلـلەتە چارەسەر بێت'".

"وەزیرە کوردەکان کێشە بۆ کەرکوک دروست دەکەن"

ئێستا کورد لە بەغدا تەنیا دوو وەزیری هەیە، ئەوانییش وەزیری دارایی و ئاوەدانکردنەوەن، ئەو بەرپرسەی یەکێتی-ش، وتی:"دەبین وەزیرە كوردەكان چۆن كێشە بۆ كوردەكانی کەرکوک دروست دەكەن، بەڕادەیەک هەر ئەوەندەش نەیارانی كورد كێشە بۆ كورد دروست دەكەین، من بە ئومێدم كە چاوێك بە سیاسەتیاندا بخشێنەوە".

"پارتی پێش ڕیفراندۆم نەوتی هاڤانا و بای حەسەنی دەبرد"

لە بەردەوامیی قسەکانیدا لەسەر پارتی، ڕەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بە لێدوانی بەرپرسێکی ئەو حزبە کرد، کە وتویەتی 'یەکێتی لە کەرکوک نەوت دەفرۆشێت'، لە وەڵامدا ڕەوەند، وتی:"ئەی باشە ئێوە بۆ نایەن لە دادگای كەركوك و لە بەغدا سكاڵا تۆمار بکەن؟، ئەو كاتەی كە داعش لەم سنوور بوو پێش ئەوەی ئێوە ڕیفراندۆم بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنن، كە ئێمە پێشتر چەند ئامۆژگاریمان كردن و وتمان حاڵی كەركوك وا لێمەكەن، ئێوە بۆ نەتان دەهێشت تەنانەت پۆلێسێكی یەكێتی لە پردی بای حەسەن نزیك بێتەوە، نەوتی هاڤانا و بای حەسەنتان دەبرد و هەموو خەڵكی كەركوك دینارێك سودەمەن نەبوو لەو نەوتە، ئەو پڕوپاگەندانە خراپن و هەموو دەبێتە لێكترازانی ماڵی كورد".

"ئەوەی لە پەڵكانە ڕوودەدەت تەعریبە"

دەربارەی ڕووداوەكەی گوندی پەڵكانە-ش، ڕەوەند مەلا مەحمود ڕایگەیاند:"ئەوەی لە پەڵكانە ڕوودەدەت تەعریبە، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی و پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەن، ئەو هەوڵانە پوچڵ دەكەینەوە، وە لەم شارە دەمینێنەوە و بەرگریی لە میلـلەتەكەمان دەكەین".

"ڕاکان جبوری نووسراوی بۆ هۆزی شەمەر کردووە"

هەر لە كۆنگرەكەدا بابەكر سدیق، سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتی:"ڕاكان جبوری نووسراوی بۆ هۆزی شەمەر كردووە كە بچنە سەر گوندی پەڵكانە، كە ئەو هۆزە خەڵكی موسڵن، هەروەها پێشتر بەعسی بوون و لەگەڵ سەدام حسێن كاریان كردووە دەستە ڕاستی بوون، ئێمە بە نووسراو بەڵگە قسە دەكەین، هەموو بەڵگەكانمان ڕادەستی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار كردووە".

ش.ف